مەسرور بارزانی و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا: کابینەی نوێی حکومەت لە زووترین کاتدا پێکبهێنرێت

13-04-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد و هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە "کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا" پێکبهێنرێت.
 
شاندەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا پێکهاتبوون لە ئەندامانی کۆنگرێس ئادەم سمیس، مایکل باومگارتنەر، سارا جاکۆبس، وێسلی بێڵ، جۆرج وایتسایدز و چەند کەسێکی دیکەی یاوەریان. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا ئاڵوگۆڕ کرا".
 
شاندەکەی کۆنگرێس، "ئاماژەیان بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە کرد و پشتیوانیی ئەمریکایان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە".

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی
 
لای خۆیەوە، مەسرور بارزانی "سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتگیریی بەردەوامیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربڕی. هەروەها تیشکی خستەسەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی وزە و کارەبا و سیستمی بانکی".

 

شاندی کۆنگرێسی ئەمریکا
 
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، "هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کردەوە".
 
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەروەها گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە