بەهۆی پاسپۆرتی ساختەوە سێ هاونیشتمانی لە مالیزیا راگیراون و داوای هاوکاری دەکەن

13-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سێ هاونیشتمانی کە هەموویان خەڵکی پارێزگای سلێمانین، لەلایەن قاچاخچییەوە هەڵخەڵتێندراون و پاسپۆرتی ئیتاڵییان بۆ دروستکراوە، بەو هۆیەوە لە فڕۆکەخانەی کوالا لامپوور لە مالیزیا ئاشکرا بوون و راگیراون.
 
گەنجەکان بە پاسپۆرتی عێراقی، رۆژی دووی ئەم مانگە گەشتی مالیزیایان کردووە، بەو ئامانجەی لەوێ پاسپۆرتی ساختەیان بۆ دروستبکرێت و بگەنە وڵاتانی ئەورووپا.
 
بافێڵ عومەر عەلی، لەدایکبووی ساڵی 2006 و شکار ئەحمەد عەلی، لەدایکبووی ساڵی 2005 دوو لە گەنجەکانن، گەنجەکەی دیکە بەهۆی هەبوونی پاسپۆرتی عێراقییەوە رانەگیراوە و سەرقاڵی کاروبارەکانی گەڕانەوەیەتی لە فڕۆکەخانەی کوالا لامپوورەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
بافێڵ عومەر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چوار رۆژە من و هاوڕێیەکم لە شەقامەکان دەمێنینەوە، دۆخمان زۆر زۆر خراپە، چونکە قاچاخچی گوتی پاسپۆرتە عێراقییەکانتان فڕێ بدەن. ئێمە فڕێماندا، لە فڕۆکەخانەش دەریانکردین و گوتیان بڕۆن پاسپۆرتی عێراقییەکانتان بێننەوە".
 
بە گوتەی ئەو گەنجە، تاوەکو مالیزیا بە فەرمی و بە پاسپۆرتی عێراقی چوون، لەوێ پاسپۆرتی ساختەی ئیتاڵییان بە ناوی پاسپۆرتی ئۆریجیناڵەوە پێ دراوە، دواتر پاسپۆرتەکە ئاشکرا بووە و دووانیشیان بەهۆی ئەوەی پاسپۆرتەکانیان فڕێداوە، رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.
 
بافێڵ عومەر داوای لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، هاوکارییان بکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.
 
ئەو گەنجە گوتی: "بۆ هەریەکەمان بۆ پاسپۆرتی ئیتاڵیا 14 هەزار دۆلارمان لە نووسینگەیەک داناوە لە سلێمانی، جگە لەوە یەکی دوو هەزار و 500 دۆلارمان خەرجکردووە. هەرچەند پەیوەندیشمان کردووە کە پاسپۆرتەکە ساختەیە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پارەیەکمان وەرنەگرتووەتەوە".
 
دوای گەیاندنی دۆخی ئەو گەنجانە لە رووداوەوە بە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، د. موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ئێستاوە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەستپێدەکەم و لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە کوالا لامپوور قسە دەکەم، کە لە سبەیەوە کارئاسانی بۆ گەڕانەوەیان بکەن".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە