رووداو دیجیتاڵ
تەرمی گەنجێکی چەمچەماڵی دوای 9 رۆژ لە ونبوونی لە دادپزیشکی بەغدا دەدۆزرێتەوە. بڕیارە رۆژی یەکشەممە رادەستی کەسوکارەکەی بکرێتەوە.
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەنجەکە ناوی یونس زەنوون مەجیدە. سێ رۆژ دوای ئەوەی لە گەشتی عومرە گەڕاوەتەوە، جارێکی دیکە گوتوویەتی، دەچێتەوە بۆ عومرە؛ بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەکی گەشتکردنی پێنەبووە. ئەو گەنجە باری دەروونیی ناجێگیر بووە."
بە گوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکراونەتەوە لە دیارنەمان و پچڕانی پەیوەندیی خێزانەکەی لەگەڵ ئەو گەنجەدا، پاش بەدواداچوون دەرکەوتووە، لە نزیک سەماوە گولـلەی پێوە نراوە و کوژراوە، تاوەکو ئێستاش وردەکاریی کوشتنەکەی ناڕوونە.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەگوترێت، هێزی سەرایا سەلام بە تۆمەتی "ئەندامێتیی داعش" گەنجەکەیان کردووەتە ئامانج و کوشتوویانە، رەمک رەمەزان گوتی، هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە نییە و هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆئەوەی وردەکاریی بابەتەکە بزانن.
ئەیوب زەنوون، برای گەنجە کوژراوەکە بە دڵی پڕەوە قسەی بۆ رووداوی کرد و گوتی، براکەی نە چەقۆ و نە هیچ چەکێکی دیکەی پێنەبووە و دۆخی دەروونیی تەواو نەبووە. ئەوەیشی خستەڕوو، "براکەم عاشقی مەککە و مەدینە بووە و گوتوویەتی، بە هەر شێوەیەک بێت دەڕۆم بۆ ئەوێ. پاسپۆرت و پارەیشی پێبووە."
سەبارەت بە کوشتنەکەشی ئاماژەی بەوە کرد، "پێیان گوتووین، براکەم شەهید کراوە و نازانین بۆچی و لەبەرچی بووە."
تەرمی گەنجەکە لە دادپزیشکیی بەغدایە و بڕیارە رۆژی یەکشەممە 14-04-2024 رادەستی کەسوکارەکەی بکرێتەوە.
یونس زەنوون مەجید، وەستای چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بووە لە چەمچەماڵ، بە جلوبەرگی ئیشوکارەوە رۆشتووە؛ ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و باوکی سێ منداڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ