لە زاخۆ 68 ماڵبات بەیەکەوە سەیرانی بەهارە رێکدەخەن

13-04-2024
غەریب مەجید
دیمەنی سەیرانەکەی ماڵباتە زاخۆییەکان لە سەیرانگەی شیناڤا.
دیمەنی سەیرانەکەی ماڵباتە زاخۆییەکان لە سەیرانگەی شیناڤا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

68 ماڵباتی زاخۆیی بۆ سەیران و گەڕانی بەکۆمەڵ روویان لە سەیرانگەی بەهارەی گوندی شیناڤا کردووە. ئەوەش وەکو نەریتێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و یەکترناسینی زیاتری گەنجەکان. 
 
ئەسما سەعیدی، لە بنەماڵەی جەخسییەکانە، 25 ساڵە لە سوێد دەژیت، لەگەڵ ماڵباتەکەی بۆ بەشداریکردن لە سەیرانەکە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان. 
 
ئەسما دەڵێت، "نزیکەی هەفتەیەک دەبێت هاتوومەتەوە، پێش ئەوەی بێمەوە، پەیوەندیم بە براکانمەوە کرد و پێمگوتن کە دێمەوە، ئەوان گوتیان ئەم سەیرانە هەیە، منیش گوتم منیش دەمەوێت لەگەڵتان بێم." 
 
عەبدولواحید سەعیدی، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "یادەوەریی کۆنمان دێتەوە یاد، بەتایبەت لە کۆندا زاخۆ زۆر بچووک بوو. ئەو کاتە، گەشتیاران هەندێ جار بۆ ماوەی هەفتەیەک لە سەیران دەمانەوە، ئاگرێکی گەورەیان دەکردەوە و خێزانەکان لە دەوری کۆدەبوونەوە، خواردنیان لێدەنا. من ئەوکات منداڵ بووم، بەباشی بیرم نایەت، بەڵام ئەم شتانە هەبوون."
 
لەلایەک دەنگی دەهۆڵ و زووڕنا و لەلایەکی دیکەوە گۆرانیی هەڵپەڕکێی زاخۆییان، لەنێو سروشتی بەهارێکی تازەدا جۆش و خرۆشێکی زیاتریان بە سەیرانەکە بەخشیوە. 
 
سەباح زاخۆیی، هونەرمەندی دیاری زاخۆ لە سەیرانەکەدا بەشدار بوو و باسی لەوە کرد کە کاتی خۆی "ئێمە چەندین شەو لە سەیران دەماینەوە، من و ئەیاز و ئەردەوان [هونەرمەندانی دیاری کۆچکردووی زاخۆ] ئاهەنگمان دەگێڕا و تاوەکو بەیانی لەنێو ئەم سروشتە گۆرانیمان دەگوت و هەموو خەڵکی زاخۆ کۆدەبووینەوە." 
 
شەست و هەشت ماڵباتی زاخۆیی کە لە سەیرانەکە بەشدار بوون، دەیانەوێ سەیرانەکەیان ببێتە هەوێنی لێکنزیکبوونەوەی زیاتر. 
 
د. عارف روشدی، کەسایەتییەکی زاخۆیە و دەڵێت، "راستە ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کارێکیان کردووە کە خەڵکیی لەیەکدی دوورخستووەتەوە. لە یەک ماڵباتدا هەیە بۆ ماوەی چەند ساڵێک یەکدی نابینن، هەندێکیان لە دەرەوەی وڵاتن. ئەوانەی لەنێو وڵاتیشن، بەهۆی سەرقاڵیی خەڵکەوە، کاتی ئەوەیان نییە بەیەک شادبن. ئەم بۆنانە ئەو کەسانە کۆدەکاتەوە کە پێویستیان بە بەیەکشادبوونە." 
 
خەڵکی زاخۆ هەر لە دێرزەمانەوە سەیرانی بەکۆمەڵیان رێکخستووە. بەڵام لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ـی باشووری کوردستان، بەهۆکاری جیاجیاوە، سەیرانەکان رێکنەدەخران. 
 
شڤان سەیرانی، ئەندامی ئەنجوومەنی ماڵباتە زاخۆییەکانە و دەڵێت، "ئامانج لەم سەیرانە ئەوەیە کە لە بەشێکی زۆری خێزانەکاندا، گەنجان لێکترازاون. لەم سەیرانەدا دەرفەتی زیاتر بۆ یەکترناسین هەیە." 
 
لە ساڵی 2021ـەوە زاخۆییەکان دەستیان بە رێکخستنی سەیرانەکان کردووەتەوە و لە پلاندایە بەوشێوەیە بەردەوامیی پێبدەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە