لافاو زیانی بە زیاتر لە 300 خانوو و حەوت سەیرانگەی دهۆک گەیاندووە

13-04-2023
پەیمان محەممەد
دیمەنێک لە لافاوی سنووری دهۆک و کارکردنی تیمەکان
دیمەنێک لە لافاوی سنووری دهۆک و کارکردنی تیمەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بارانبارین و رەشەبا زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە بەشێک لە قەزا و ناحیەکان لافاو روویدا. بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک دەڵێت، زۆرترین زیانەکانی لافاو لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە قەزای ئامێدی و ئاکرێ بووە.
 
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی زیانەکانی لافاو لە سنووری پارێزگای دهۆک دەڵێت، زیاتر لە 300 خانوو و حەوت سەیرانگە زیانیان پێگەیشتووە؛ زۆرترین زیانیش بەر قەزای ئاکرێ کەوتووە. شەعبان بەرواری، قایمقامی قەزای ئاکرێ رایگەیاند، نزیکەی 100 خانوو، دووکان، مزگەوت و شوێنی گەشتیاری زیانیان بەرکەوتووە.
 
هەر بەهۆی لافاوەوە 200 کەپر و دووکانی هەردوو سەیرانگەی گەلی زەنتا و سیپە زیانیان بەرکەوتووە. هاووڵاتییەکی قەزای ئاکرێش بە ناوی مستەفا موسا کە نەخۆشیی دڵی هەبوو، لە کاتی رزگارکردنی ئاژەڵەکانی لە لافاو، تەندروستیی تێکچووە و جەڵتە لێیداوە، بەهۆی لافاوەوە نەتوانرا بۆ نەخۆشخانە بگوازرێتەوە و گیانی لەدەستداوە.
 
لە رووباری قەسرۆکی ئاکرێ بەهۆی هێزی لافاوەوە پردێک تێکچووە کە بەهۆیەوە رێگەی نزیکەی شەش گوند گیراوە. هەروەها رێگەی گەلی زەنتا کە نیوەی جادەکە لە ساڵی رابردوودا کاری لەسەر کرابوو، پەکی کەوتووە.
 
هەر لە قەزای ئاکرێ ریگەکانی هاتووچۆی ژمارەیەک گوند گیران و تاوەکو ئێستاش تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکانن.
 
لە سنووری بەردەڕەش نزیکەی 100 خانوو بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە و 20 ستوونی کارەبا کەوتوون. لە سنووری شێخانیش ئاو چووەتە نێو نزیکەی 30 خانوو و قایمقامیەتی شێخان کۆمەڵێک هاوکاریی پێشکێشی زیانلێکەوتووان کردووە.
 
لە سنووری قەزای ئامێدی ئاو چووە نێو 28 خانوو، چوار ئۆتۆمبێل لە ناحیە بامەڕنێی قەزاکە زیانیان بەرکەوتووە و سێ ئاشی تەحینیش بە هەمان شێوە تووشی زیان بوون.
 
بە گوتەی ناسر عەلی، لە سەرجەم شوێنەکانی دیکە کە لافاو زیانی پێگەیاندوون جگە لە قەزای شێخان هیچ کەس قەرەبوو نەکراوەتەوە.
 
لە سنووری زاخۆ ژمارەیەک جادە زیانیان بەرکەوتووە و تائێستاش تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەوبانن. لە ناحیەی دینارتە خانوویەک بە تەواوی رووخاوە.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک باسی لەوە کرد، زیانەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک بە ملیۆنان دۆلار دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ زانیاریی زیاتر لەسەر زیانەکان ئاشکرا بکرێت.
 
سەبارەت بە بەنداوەکانی دهۆکیش، ناسر عەلی ئەوەی خستەڕوو، بەنداوەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی بارانێکی زۆر پڕ بوون، بەڵام هیچ یەک لە بەنداوەکان مەترسیی تەقینیان لەسەر نییە.
 
بەشی پێشبینییەکان لە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی دەڵێت، پێنجشەممە بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت و ئەگەری رەشەبای بەهێز هەیە و رۆژی هەینیش ئاسمان هەورە، ئەگەری بارینی تەرزە هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە