بەرزبوونەوەی ئاوی زێی گەورە زیان بە بەشێک لە جووتیاران دەگەیێنێت

14-04-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
زەوی جووتیاران لەسەر ئاوی زێی گەورە
زەوی جووتیاران لەسەر ئاوی زێی گەورە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەهام جووتیارێکە و سەیری رەنجی لەئاوچووی دەکات، بەهۆی بارانی بێ ئامانی رۆژی چوارشەممە سێ دۆنم دەغڵودانی لە چەند کاژێرێکدا لەگەڵ هەزاران دۆنم زەوی دیکەی کشتوکاڵی نوقمی زێی گەورە بوو، زەوییەکەی دەهام لە گوندی چەمەی سەر بە ناحیەی رۆڤیایە. 
 
هاواسیش بەوپەڕی نائومێدییەوە گەڵای ئەو پەتاتانە کۆدەکاتەوە کە لافاو و تەزرە لەنێویبردوون. ئەو جووتیارە 70 دۆنم زەوی شوتی و تەماتە و خەیار و پەتاتەی چاندبوو، نزیکەی 11 دۆنمی لە شوتی و خەیار بە تەواوی لەنێوچووە و پەتاتەکانیشی کە دەبووایە 10 رۆژ دوای جەژنی رەمەزان بیبات بۆ بازاڕ هەمووی لەنێوچووە. بە گوتەی هاواس، ئەم بارانە زیانی نزیکەی 70 ملیۆن دیناری لێداوە. 
 
هاواس سلێمان، جووتیارێکی زیانلێکەتووە و دەڵێت: لافاو هەمووی گرت، بە نزیکەیی 10 بۆ 12 دۆنمی ساف کرد یانی بۆڕی و سۆندە و هەموو شتی برد، ئەوەی دیکەش پەتاتە و ئەوەی ماوە تەزرە کوتی و هیچی لێنەهێشت یانی نیوە بە نیوەیە، ئینجا نازانم چاکدەبێتەوە یان نا خوا دەزانێت من نازانم چی لێدێت. 
 
بەگوێرەی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئاستی ئاوی زێی گەورە 1400 مەتر لە چرکەیەکدا زیادیکردووە. 
 
لە کاژێر 09:00ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە تاوەکو کاژێر 09:00ی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بارانبارین بەمشێوەیە بووە: 
 
- لە سنووری پارێزگای هەولێر بە نزیکەیی 640 ملیم باران باریوە. 
- لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە نزیکەیی 1520 ملیم باران باریوە. 
- لە سنووری پارێزگای دهۆک بە نزیکەیی 1354 ملیم باران باریوە. 
- لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە نزیکەیی 292 ملیم باران باریوە. 
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمساڵ رووبەری زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە دەغڵودان چێندراوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە