خاوەن پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە سۆران: لافاو زیانی 8 دەفتەر دۆلاری لێداوم


رووداو دیجیتاڵ

بارانبارین و لافاوی دوێنێ چوارشەممە زیانی بە چەندین کەپری گەشتیاری، ستوونی کارەبا و رێگەوبان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گەیاندووە. هەروەها تۆڕی ئاوی چەند گوندێکیش لە سنوورەکە تێكچوون. 
 
جومعە رەسوول، خاوەن پڕۆژەیەکی گەشتیارییە لە گەلی عەلی بەگ و دەڵێت، "هەشت دەفتەر دۆلار لەوانەیە زەرەرم پێکەوتبێت. نزیکەی 30 کەپرم هەبوو ئێستا شەش کەپری بە ساخی ماوە، ئەوانی دیکە هەمووی لەبن لافاون و هەمووی رۆیشتن."
 
شاخەوان سرێشمەیی، خاوەن پڕۆژەیەکی دیکەی گەشتیارییە و باس لەوە دەکات، "بە هەمووی نزیکەی 10-15 دەفتەر زیان بە خاوەن کەپرە گەشتیارییەکان کەوتووە."
 
جادە و رێگەوبانەکان پشکی شێری زیانەکانیان بەرکەوتووە. تیمەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت بەردەوام کار دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە هاتووچۆ لە رێگەی گەلی عەلی بەگ ئاسایی بکەنەوە. دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر رێگەی گەیشتنیان بە هەولێر گرفتی بۆ دروستبووە و ناتوانن لەکاتی خۆیدا بگەن. 
 
زبێر محەممەد، بەرپرسی کەرتی 4ـی چاککردنەوەی رێگەوبانی سۆران بە رووداوی گوت، "تەنیشتە شانەکانی رێگەکە بەهیچ شێوەیەک نەماوە. لەلای رووبارەکەوە نزیکەی 10 مەتر پانی تەنیشتە شانەکانی نەماون، لەلای چیاش دوو بۆ سێ مەتر دەبێت هەمووی پڕ بکرێتەوە، ئەوەی لێرە ئیستا لە گەلی علی بەگ کاری لێ دەکەین، نزیکەی 15 رۆژەکی دەوێت، ئەگەر بەبەردەوامی کاربکەین." 
 
باران و لافاو زیانی هەبوو، بەڵام سەرچاوە ئاوییەکانیشی بووژاندووەتەوە، کانی ماران و ئاوی سپیی گەلی چەند ساڵێک بوو وەک ئیستا دەنگو هاژەیان لێوە نەدەهات، بەڵام دوای بارانبارینەکە ئێستا بووژاونەتەوە.