1500 پۆلیس بۆ قەزای شنگال دادەمەزرێندرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، 1500 کەس وەکو پۆلیس لە سنووری قەزای شنگال دادەمەزرێن و لە بنکەی پۆلیسی شنگال و دەوروبەری دەستبەکاردەبن و لەبری ژمارەیەک هێزی ناوچەکە ئاسایشی شارەکان دەپارێزن. نوێنەری شنگال لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی دامەزراندنی هەزار پۆلیسی دیکەی بە ئێمە دا."
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023، لە دەروازەی دامەزراندندا کە ئەمساڵ نزیکەی 730 هەزار کەس وەکو کارمەندی حکومەت دادەمەزرێن، هەزار و 500 کەس وەکو پۆلیس لە سنووری قەزای شنگال دادەمەزرێندرێن.
رۆژی 13-4-2023، مەحما خەلیل، نوێنەری قەزای شنگال و دەورووبەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسانەی وەرگیران هەموویان چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە و بڕیارە دوای پەسەندکردنی رەشنووسی بودجە لە پەرلەمان، دەست بە کاربکەن و راهێنان وەربگرن و لە ماوەیەکی کەمدا پەیوەندیی بە بنکەکانی پۆلیس لە شنگال و دەوروبەری بکەن، ئەوە زۆر گرنگ دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی شنگال و سەرەتایەک دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە، چونکە پێویستە ناوچەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بپارێزرێت."
بە گوتەی مەحما خەلیل، ئەو پۆلیسانە بەزۆرینە لە پێکهاتەی کوردانی ئێزدی و عەرەب دەبن. سەبارەت بە ژمارەکەش، مەحما خەلیل روونیکردەوە، "ئێمە لە دوو هەفتە لەمەوپێش لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووینەوە، پێمگوت کە ژمارەکە کەمە، گوتی: ژمارەکە دەکرێت بە 2500 پۆلیس و هەزاری دیکە بۆ ئەو 1500 پۆلیسە زیاد دەکرێت."
لە 09-10-2020 بەغدا و هەولێر لەسەر ئاساییكردنەوەی رەوشی قەزای شنگال و بەڕێوەبردنی قەزاكە لەڕووی كارگێڕی، ئەمنی و خزمەتگوزاری بە شێوەیەكی هاوبەش رێككەوتن، بەڵام هێشتا لەڕووی ئەمنییەوە چەندین هێزی سەربازی لەو ناوچەیە هەن کە ئەوانیش بریتین لە؛ هێزی پاراستنی ئێزیدخان، فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی خۆجێیی، ئاسایشی ئێزیدخان و یەبەشە.
بەهۆی بوونی ژمارەیەک هێزی جۆراوجۆر لە قەزای شنگال، ساڵی رابردوو چەند جارێک لەلایەن بەشێک لەو هێزانەی لە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"ـەوە نزیکن لەگەڵ سوپای عێراق رووبەڕووبونەوەی چەکداریی روویدا و چەند کەسێک کوژران و برینداربوون.