ئیتاڵیا ئاستی نوێنەرایەتیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان لە کۆنسوڵخانەوە بۆ کۆنسوڵخانەی گشتی بەرزدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبوونەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، باسیان لە پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاڵيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان کردووە و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە رایگەیاندووە کە ئاستی نوێنه‌رایه‌تییان له‌ هه‌رێمی کورستان له‌ کۆنسوڵخانه‌وه‌ بۆ کۆنسوڵخانه‌ی گشتی به‌رز ده‌که‌نه‌وه.
 
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی دا لەگەڵ بەرپرسانی ئیتاڵیا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-04-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆما لەگەڵ ئه‌نتۆنيۆ تايانى، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئيتاڵيا كۆبووه‌وه‌.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاڵيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنانى ئيتاڵى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئابووری و وزه‌دا، کردووە.

 

 
نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕينى خواستى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ئيتاڵيا، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ ئەو وڵاتە ده‌ڕوانن و خوازيار و ئاماده‌ى فراوانكردنى زياترى هاريكاريى هاوبه‌شن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا "خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ فراوانكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه‌" و رایگەیاندووە کە ئاستی نوێنه‌رایه‌تییان له‌ هه‌رێمی کورستان له‌ کۆنسوڵخانه‌وه‌ بۆ کۆنسوڵخانه‌ی گشتی به‌رزده‌که‌نه‌وه‌ و، په‌یوه‌ندییه‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان "به ‌تایبه‌ت" له‌ قه‌ڵه‌م دا.