روودا دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانبارین و رەشەبا دوێنێ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆک زیانی لە زیاتر لە 300 خانوو و حەوت سەیرانگە دا.
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک، لەبارەی زیانەکانی لافاو لە سنووری پارێزگای دهۆک دەڵێت، زۆرترین زیانەکانی لافاو لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە قەزای ئامێدی و ئاکرێ بووە. زیاتر لە 300 خانوو و 7 سەیرانگا زیانیان پێگەیشتووە.
بەپێی ئەو داتایانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، زیانەکانی لافاو لە پارێزگای دهۆک بەمشێوەیەن:
زۆرترین زیان لە قەزای ئاکرێ کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستە و بەفەرمی لەلایەن شەعبان بەرواری، قایمقامی قەزای ئاکرێ تۆمارکراون، نزیکەی 100 خانوو، دووکان، مزگەوت و شوێنی گەشتیاری زیانیان بەرکەتووە.
دوو سەیرانگای گەلی زەنتا و سیپە کە نزیکەی 200 کەپریان تێدایە، بە تەواوی زیانیان بەرکەوتووە.
هاووڵاتییەکی قەزای ئاکرێ بە ناوی مستەفا مووسا کە نەخۆشی دڵی هەبوو، لە کاتی رزگارکردنی ئاژەڵەکانیدا لە لافاو، تەندروستی تێکچووە و جەڵتەی لێیداوە، بەهۆی لافاوەوە نەتوانرا بۆ نەخۆشخانە بگوازرێتەوە و گیانی لەدەستدا.
لە رووباری قەسرۆکی ئاکرێ بەهۆی هێزی لافاوەوە پردێک تێکچووە، لەئەنجامدا رێگەی نزیکەی شەش گوند گیراوە.
رێگەی سەرەکیی پڕۆژەی حکومەت بۆ گەلی زەنتا کە نیوەی شەقامەکە لە ساڵی رابردوودا کاری لەسەر کرابوو، پەکی کەوتووە.
هەر لە قەزای ئاکرێ ریگەی هاتووچۆی ژمارەیەک گوند گیراوە و تاوەکو ئێستاش تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکانن.
لە سنووری بەردەڕەش نزیکەی 100 خانوو بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە سنووری شێخان ئاو چووەتە نێو نزیکەی 30 خانوو و قایمقامییەتی شێخان کۆمەڵێک هاوکاریی پێشکێشی زیانلێکەوتووان کردووە.
لە سنووری قەزای ئامێدی، ئاو چووەتە نێو 28 خانوو و چوار ئۆتۆمبێل لە ناحیە بامەڕنێی قەزاکە زیانیان بەرکەوتووە و سێ ئاشی تەحینیش بە هەمانشێوە تووشی زیان بوون.
بەگوتەی ناسر عەلی لە سەرجەم شوێنەکانی دیکە کە لافاو زیانی پێگەیاندوون، جگە لە قەزای شێخان هیچ کەس قەرەبوو نەکراوەتەوە.
دەیان پڕۆژەی دیکەی حکومەت لە سنووری قەزای ئامێدی زیانیان بەرکەوتووە.
لە سنووری بەردەڕەش 20 ستوونی کارەبا کەوتوون.
لە سنووری زاخۆ ژمارەیەک شەقام زیانیان بەرکەوتووە و تاوەکو ئێستاش تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگەوبانن.
لە ناحیەی دینارتێ خانوویەک بە تەواوی رووخاوە و خێزانەکەش بۆ شوێنێکی دیکە گوێزراوەتەوە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک باسی لەوەش کرد زیانەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێن و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ زانیاریی زیاتر لەسەر زیانەکان ئاشکرا بکرێن.
ناسر عەلی گوتیشی بەنداوەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی رێژەی بارانبارینی زۆر پڕ بوون، بەڵام بەگوتەی بەرپرسان هیچ یەک لە بەنداوەکان مەترسیی تەقینییان لەسەر نییە.
ئەم زیانانە لەکاتێکدان بەپێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت، ئەمڕۆش (پێنجشەممە، 13-4-2023) بارانی بەخوڕ و تەرزە ببارێت و، ئەگەری رەشەبای بەهێز هەیە.
بەپێی ئامارێک کە کەشناسی شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، لە ماوەی 12 کاژێردا (لە 09:00ـی بەیانی تاوەکو 9:00ـی شەو)ـی 12-4-2023 بڕی بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک بەمشێوەیە بووە:
- دهۆک: 29.1 ملیمەتر
- زاخۆ: 13.1 ملیمەتر
- ئاکرێ: 101.6 ملیمەتر
- بامەڕنێ: 59.8 ملیمەتر
- کانی ماسێ: 44.4 ملیمەتر
- ئامێدی: 85.6 ملیمەتر
- مانگیش: 28 ملیمەتر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ