فڕۆکەخانەی سلێمانی هاشتاگی 'گەشتەکانمان بەردەوامن' رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی دەڵێت، دوای ئەوەی گەشتکردنی فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەکەیان بەسەر ئاسمانی تورکیا راگیران، بەهۆی راگەیاندنەکانەوە هاووڵاتییان واتێگەیشتوون هەموو گەشتەکان راگیراون، بۆیە هاشتاگی "گەشتەکانمان بەردەوامن"یان راگەیاند. دەشڵێت: "بەهۆی راگرتنی گەشتەکان رەنگە قەبارەی زیانی سێ مانگی فڕۆکەخانەکە بگاتە نزیکەی 3.5 ملیۆن دۆلار."
لە 3ـی ئەم مانگەوە تورکیا ئاسمانی خۆی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی داخستووە. هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ تورکیا، بەهۆی راگەیاندنەکانەوە هاووڵاتییان واتێگەیشتوون هەموو گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە راگیراون، بۆیە هاشتاگی 'گەشتەکانمان بەردەوامن'مان راگەیاند، چونکە تەنیا گەشتی هێلەکانی تورکش ئێرڵاین لەگەڵ کۆندۆری ئەڵمانی کە بەسەر تورکیا تێپەڕدەبێت راگیراون، ئەگینا هەموو هێڵە ئاسمانییەکانی دیکە کاری خۆیان دەکەن."
بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گوتیشی: "تورکش ئێرلاین گەشتی بۆ ئیستەنبووڵ هەبوو و گەشتیاریشمان هەبوو لەوێوە دەچووە ئەوروپا، ئێستا ناتوانن ئەو ترانزێتە بەکاربهێنن، بەڵام هێلەکانی دیکە هەن کە گەشتیار دەتوانێت بە ترانزێتی عەمان، دوبەی و تاران گەشتەکانیان بۆ هەموو شوێنێک بکەن و ئەو هێڵانە بۆ هەموو وڵاتانی ئەوروپا ترانزێتیان هەیە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، هەر گەشتیارێک زۆر پێویستی بە گەشت هەبووبێت ئەوە بژاردەی دیکەیان بەکارهێناوە، ئەویش ئەوەیە لە فڕۆکەخانەی هەولێر یان کەرکووک گەشتەکانیان کردووە و دەشڵێت: "ژمارەی گەشتیاران بە رێژەیەک کەمبووەتەوە، چونکە ئەوانەی ئێستا دەچنە فڕۆکەخانەی هەولێر و کەرکووک پێشتر لە سلێمانییەوە دەڕۆشتن."
لەبارەی قەبارەی زیانە ئابوورییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، هەندرێن هیوا دەڵێت: "دوو زیان هەن، زیانێکی پەیوەندی بە دامەزراوەی فڕۆکەخانەی سلێمانییە کە راستەوخۆ سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە؛ داهاتی فڕۆکەخانە بە تەنیا بە سێ مانگ دەگاتە ملیۆنێک دۆلار، ئەمە وەک کاری فڕۆکەوانی، بەڵام وەک وەزارەتەکانی دیکە کە لە نێو فڕۆکەخانەکە کاردەکەن وەکو دارایی، بەڕێوبەرایەتیی گومرگ و بنکەی شوێنی نیشتەجێبوون و پاسپۆرت ئەوانەی پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆ هەیە ئەوانیش زەرەر و زیانێکی زۆریان کردووە، ئەوە جگە لەوەی کۆمپانیای بچووک بچووک لەنێو فڕۆکەخانە و زیانیان بەرکەوتووە بەگشتی زیانی سێ مانگی فڕۆکەخانەکە دەگاتە نزیکەی سێ بۆ 3.5 ملیۆن دۆلار."
تورکش ئێلاین هێلێکی فڕۆکەوانیی تورکییە کە بەگوتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی، رۆژانە دوو گەشتیان لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ تورکیا هەبووە، یەکێکیان کاژێر 3:30 خولەکی بەیانی و دووەمیان 10:00ـی شەوە. هەندرێن هیوا دەشڵێت: "تورکش ئێرلاین زۆرجار رۆژانە دوو گەشتی هەبوو، بەڵام هەندێک رۆژیش یەک گەشتی هەبووە بەگشتی مانگانە 30 بۆ 45 گەشتی هەبوو."
لە فڕۆکەخانەی سلێمانی گەورەترین کارگۆ هەیە، هەندرێن هیوا دەڵێت: "ئەو گەشتانەی کە دێت ئەگەر بەسەر تورکیا بڕوات وەکو کارگۆ ئەوە راگیراون، چونکە ناتوانێت بەسەر تورکیا بڕوات، بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ کارگۆ ئاسانترە، چونکە ئێمە کاری کارگۆمان زیاتر لەگەڵ وڵاتانی کەنداوە بەتایبەت دوبەی، بۆیە زەرەرەکەی کەمترە وەکو جموجووڵی کارگۆکە."
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانی کرد، کە لە 3ـی ئەم مانگەوە و لە یەکەم رۆژی راگرتنی گەشتەکانیان لەگەڵ تورکیا بەدواداچوونیان کردووە و لەسەر هێڵ بوون و هاوکات پەرلەمانی عێراق لیژنەی ناردووە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش لیژنەی ناردووە و هەموو راپۆرتەکان بۆ بەغدا نێردراون بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزرێتەوە.
هەندرێن هیوا باسی لەوەش کرد، "دوای ئەو رووداوانەی روویدا هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانیش هەوڵەکانی چڕتر کردوونەتەوە، دواتر سەردانی بەغدای کرد و هیوادارین ئەو هەواڵانە چارەسەرێکی بەپەلەی تێدابێت بۆ فڕۆکەخانەکە، چونکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کێشەیەکی ناوخۆیی نییە و هیچ چالاکییەکی ناسرووشتی تێدا بەڕێوەنەچووە بۆ ئەوەی شایەنی ئەو سزایە بێت."
عەتا محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان -لقی سلێمانی سەرەتای ئەم هەفتەیە بە رووداوی گوت: "ساڵی رابردوو قەبارەی بازرگانی لە فرۆکەخانەی سلێمانی 12 ملیار دۆلار بووە، زۆربەی ئەو کاڵایانەشی لە فرۆکەخانە هاوردەکراوە جلوبەرگ و ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان و خۆراک بووە."