ئاوەدانکردنەوەی دەشتی نەینەوا دەخرێتە نێو سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال

13-04-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاوەدانکرنەوەی دەشتی نەینەوا بە سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال دەلکێنێت. نوێنەرێکی شنگالیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو کارە پاڵنەری سیاسیی لەپشتەوەیە.
 
مەحما خەلیل، ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری قەزای شنگال، رۆژی پێنجشەممە 13-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کاتەی سەرۆکی بەتەمەنی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە بوو لە پەرلەمانی عێراقدا، رۆژی 22ی کانووی دووەمی 2022 بە نووسراوی فەرمی داوای لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، سندووقێکی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال دروست بکات، بەو پێیەی شنگال دووچاری کارەساتی گەورە بووەتەوە، ئەویش رەزامەندیی لەسەر داواکە دا و سندووقەکەی دروستکرد.
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "دواتر لەژێر کاریگەریی هەندێک لایەنی سیاسی، بە دیاریکراوی رەیان کلدانی، ئەمینداری بابلیۆن؛ ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، ئەو سندووقە دەشتی نەینەواشی بۆ زیاد بکرێت، بۆیە سوودانی دەشتی نەینەواشی بۆ سندووقی شنگال زیاد کردووە."
 
بەپێی نووسراوێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە 30-01-2023 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوی بۆ ئەمیندارێتیی پەرلەمانی عێراق کردووە لەبارەی "سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال"، وێڕای ئاماژەدان بە نووسراوی مەحما خەلیل، هاوکات باس لەوە دەکات کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بابەتی "پێکهێنانی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا" بخرێتە نێو بودجەی فیدراڵیی 2023.
 
مەحما خەلیل ئەوەشی خستەڕوو، "لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023دا 50 ملیار دینار بۆ سندووقەکە تەرخانکراوە. بەڵام لکاندنی دەشتی نەینەوا بە سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال پاڵنەری سیاسیی لەپشتە، لاریمان نییە سندووق بۆ دەشتی نەینەوا دروست بکرێت و پێشمان خۆشە، بەڵام لەگەڵ ئەوە نین بە سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال بلکێندرێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە داوای کرد تایبەتمەندی بە شنگال بدرێت و زۆر وڵاتی جیهان بەڵێنیان داوە هاوکاریی شنگال و سندووقی ئاوەدانکردنەوەی بکەن، "ترسمان هەیە ئەو پارەی بۆ شنگال تەرخان دەکرێت، بۆ شنگال خەرج نەکرێت و ببرێتە دەشتی نەینەوا" بۆیە داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەن سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال وەکو خۆی بمێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.