کوردستان
ژمارەیەک خوێندکار لە ئاهەنگی دەچوونیان لە خولی 37ـەمینی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین لە ساڵی 2018
رووداو دیجیتاڵ
کونسوڵخانەی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند دان بە بڕوانامەی ئەو کەسانەدا دەنێن، کە لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستیان هێناوە. هەروەها لەنێو زانکۆ تایبەتەکاندا، بڕوانامەی بەدەستهاتوو لە زانکۆی ئەمریکیی عێراق لە سلێمانی لەنێو لیستەکەیاندایە.
رۆژی چوارشەممە 12ـی نیسانی 2023، کۆنسوڵخانەی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاند، لێرە بەدواوە داندەنێین بە بڕوانامەی ئەوانەی لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستیانهێناوە. لەنێو زانکۆ تایبەتەکانیشدا، زانکۆی ئەمریکیی عێراق لە سلێمانی دانیپێدانراوە.
کونسوڵخانەکە رایگەیاندووە لە داهاتوویەکی نزیکدا چەندین زانکۆی تایبەتی دیکە بۆ لیستی زانکۆ دانپێدانراوەکان لە وڵاتەکەیان، زیاد دەکەن.
کونسووڵخانەی گشتی یۆنان لە هەرێمی کوردستان ئەوەشی راگەیاند کە ئێستا خوێندکارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە 150زانکۆی حکومی یۆنان داواکاری بۆ خوێندنی ماستەر پێشکێش بکەن.
ناوەندی زانیاری ناساندنی ئەکادیمی نیشتمانی هێلینیک هەڵسەنگاندنی بۆ بڕوانامەکان و ئاستی خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی؛ شایستەی ئەوەن دانیان پێدابنرێت. کونسوڵخانەی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند: "ئەم هەنگاوە خاڵی وەرچەرخانە لەنێوان ئەسینا و هەولێر".
کۆنسوڵخانەی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەم دانپێدانانە رێگە خۆش دەکات بۆ زیادکردنی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی لەنێوان یۆنان و هەرێمی کوردستان. هەروەها "ئەم هاوکارییە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی چارەسەری داهێنەرانە بۆ ئاستەنگە جیهانییە هاوبەشەکان و بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی پەروەردە و توێژینەوە".
کۆنسوڵخانەی گشتی یۆنان لە هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوەکەی فەیسبووکیدا گوتی، پیرۆزبایی لەو زانکۆیانە دەکات، کە لەلایەن وڵاتەکەیەوە دانیان پێدا نراوە و دەڵێت "ئێمە دڵنیاین ئەم دانپێدانانە ناوبانگ و متمانەی ئەم دامەزراوانە بەرزدەکاتەوە و لە کۆتاییدا سوودی بۆ ئەو خوێندکار، مامۆستا و ستافانە دەبێت کە پابەندن بە بواری ئەکادیمی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ