دەزگای روانگە پشتیوانی 24 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە لە زانکۆی موسڵەوە دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخش رادەگەیێنێت. بەرپرسی پەیوەندییەکانی رێکخراوەکە دەڵێت، لە دەستپێشخەرییەکەدا پشتیوانی دارایی 24 پڕۆژە لە سەرەتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەکەن.
رۆژی چوارشەممە 13-4-2022، نارین سەلام، بەرپرسی تیمی پەیوەندییەکانی دەزگای روانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە کاژێر 11:00 دەستپێشخەرییەکە لە زانکۆی موسڵەوە رادەگەیێنین کە لە ساڵی 2018ـەوە بەردەوامین و ئەمە پێنجەمین ساڵی دەستپێشخەرییەکەمان دەبێت."
گرووپەکان ژمارەیان 24 گرووپ دەبن، هەر گرووپێک نابێت لە پێنج ئەندام کەمتربن و بیرۆکەی پڕۆژەکانیان دەخەنەڕوو، نارین سەلام دەڵێت، "دوای پەسندکردنی بیرۆکەی پڕۆژەکان ئێمە پشتیوانی دارایی گرووپەکان دەکەین."
سەبارەت بە ئامانجیان لە دەستپێشخەرییەکە، بەرپرسی تیمی پەیوەندییەکانی روانگە دەڵێت، ئامانجی سەرەکییان برەودانە بە کاری خۆبەخشی و پشتیوانیشیان لە کاری گرووپەکان مەرجی ئەوەی تێدایە کە پڕۆژەکان لە چوارچێوەی پەروەردە، لاوان، ژینگە و هاوکاریی کەسانی لێقەوماودابن.
پڕۆژەکە ئەمڕۆ چوارشەممە رادەگەیێندرێت، تاوەکو 30-6-2022 بەردەوام دەبێت و بیرۆکەی گرووپەکان وەردەگیرێن، هەڵبژاردنی بیرۆکەی گرووپەکان لە 1ـی تەممووزەوە دەستپێدەکات و ماوەی 20 رۆژ دەخایەنێت، جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیش لە 22ـی تەممووزەوە دەستپێدەکات و دوای 61 رۆژ، لە 14-10-2022 کۆتایی دێت. سەرەتای مانگی 12ـی ساڵی 2022 رێوڕەسمی کۆتایی نمایشکردنی پڕۆژەکان و دەستکەوتەکانیان ئەنجام دەدرێت.
دەبێت ئەندامی گرووپەکان تەمەنیان لە 18 – 35 ساڵ بێت و نابێت نوێنەرایەتیی هیچ رێکخراوێکی ناحکومی یان هەر دامەزراوەیەک بکەن. دەبێت گرووپەکە لە ئەندامانی کۆمەڵگە پێکهاتبێت، ئەو گرووپانەی کە لە هەردوو رەگەز پێکهاتوون زیاتر پەسند دەکرێن.
بەگوێرەی رێنماییەکانی روانگە، تێچووی هەر پڕۆژەیەکی پەسند کراو نابێت لە چوار ملیۆن و 250 هەزار دینار زیاتربێت، بودجەی پڕۆژەکە نابێت هیچ جۆرە مووچە و پاداشتێکی ماددی بۆ خۆبەخشەکان تێدابێت.