بەخاکسپاردنی تەرمی جێگر و سێڤدا؛ دوو کۆچبەری ئیدارەی راپەڕین کە لە دەریای ئیجەدا خنکان


رووداو دیجیتاڵ 

جارێکی دیکە ئەمبوڵانسەکان هەواڵی مەرگی کۆچبەرانیان بە راپەڕین گەیاندەوە. تەرمی جێگر ئەبوبەکری 22 ساڵی و سێڤدا فریادی شەش ساڵییان پێبوو.
 
لەو پێنج تەرمەی کە لە 23ـی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لە دەریای ئیجەدا خنکان، دوو کەسیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕین بوون، دوای گەیشتنەوەی تەرمەکان ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی راپەڕین لە پێشوازییاندا بوون.
 
سێڤدا لەگەڵ دایک و باوکی و بارانی تەمەن سێ ساڵی برایدا نێوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی 2021 لە حاجیاواوە بەرەو تورکیا رۆیشتن و 23ـی هەمان مانگ لە دەریای ئیجە و لە نزیک دوورگەیەکی یۆنان بەلەمەکەیان نوقم بوو، دایک و باوکی رزگاریان بوو. تەرمی بارانی برایشی تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە، لە 17ـی مانگی رابردوو دایک و باوکی سێڤدا کوڕێکیان بووە و ناویان ناوە باران.
 
جێگریش لەگەڵ هانا رەسوولی تەمەن 21 ساڵانی هاوژینی لە دوایین رۆژەکانی ساڵی رابردوو سەنگەسەری بەرەو تورکیا جێهێشت و لە هەمان بەلەمدا نوقمی ئاو بوون.
 
ئەبوبەکر ئیبراهیم، باوکی جێگرە و دەڵێت، "خۆزگە تەرمی هاوژینەکەیشی لەگەڵ دەهاتەوە، پێکەوە خنکان، بەڵام بەداخەوە بەس تەرمی کوڕەکەم دۆزراوەتەوە و بووکەکەم دووگیانیش بوو."
 
فەرمان ئیسماعیل، مامی سێڤدایە و دەڵێت، "سوپاس بۆ خوا تەرمی سێڤدا هاتەوە و خۆزگە بارانیشی لەگەڵ دەبوو، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەرک کێشانیان لە هێنانەوەی تەرمەکان."
 
تەرمی جێگر لە سەنگەسەری زێدەکەیی و سێڤیداش لە گۆڕستانی حاجیاوا بە خاک سپێردرا.
 
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا دەڵێت، "بەلەمەکەیان 70 سەرنشینی هەڵگرتبوو، تەنیا 13 کەس لەوانە بە زیندوویی رزگاریان بوو، تەواوی ئەوانی دیکە خنکاون، لە کۆی ئەو 57 کەسە، ئەمڕۆ پێنج کەسیان گەڕێندراونەتەوە."
 
سێڤدا دایک و باوکی نەگەڕاونەتەوە تاوەکو گەرمەشینی بۆ بگێڕن، بەڵام دایکی جێگر ژیربوونەوەی نەبوو، هاواری بۆ کوڕ و بووکەکەی دەکرد.