داعش چوار سه‌ربازی هه‌واڵگریی عێراق لە کەرکووک دەڕفێنێت


رووداو- هەولێر

پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، چوار سه‌ربازی هه‌واڵگریی عێراق له‌ سنووری شارۆچكه‌ی داقووق له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ رفێنران. لەکاتی گەڕان بەدوای ئەو سەربازانەش داعش و هێزە عێراقییەکان رووبەڕوو دەبنەوە و دوو ئەفسەر و دوو سەربازی سوپای عێراق دەکوژرێن.
 
 
هونەر ئەحمەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، رفاندنی ئەو سەربازانە كاژێر 01:00ـی دوا نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممە 13-4-2020 نزیك غێده‌ له‌ خوارووی گوندی هه‌فته‌غاری‌ سنووری شارۆچكه‌ی داقووق بووە. بۆ دۆزینەوەیان هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستیان به‌ گه‌ڕان و پشكنین ‌كردووە له‌ ناوچه‌كه‌دا.
 
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی رووداو له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی پۆلیسی فیدراڵییه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، ئه‌و چوار كه‌سە هەواڵگریی عێراق‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنراون، چونكه‌ چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ ئه‌م هه‌فته‌یە له‌ سنووری داقووق شه‌ش جار هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌كان.
 
هونەر ئەحمەد دەڵێت، به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌گەڕان و پشكنینی هێزه‌ عێراقییه‌كاندا رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش له‌ ناوچه‌ی سماقه‌ سوفلا ‌روویداوه، له‌ ئه‌نجامدا سێ سه‌ربازی پۆلیسی فیدراڵی برینداربوون‌، کە یه‌كێكیان پله‌ی رائیده‌ به‌ناوی رائید موخلس، برینداره‌كانیش بۆ نه‌خۆشخانه‌ی داقووق گوێزراونه‌ته‌وه‌.
 
دوای رفاندنی ئەو چوار سەربازە هێزە عێراقییەکان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە و لە سنووری داقووق، هێزێکی عێراقی کەوتنە بۆسەی چەکدارانی داعش و لە ئەنجامدا دوو ئەفسەر و دوو سەربازی سوپای عێراق کوژران. 

محەممەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی لقی باکووری رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری بە  تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزێکی سوپای عێراق لەکاتی ئەنجامدانی هەڵمەتێکی گەڕان لە نزیک گوندی غێدە لە سنووری قەزای داقوق لە پارێزگای کەرکووک کەوتنە بۆسەیەکی چەکدارانی داعش.

محەممەد مەهدی بەیاتی ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەنجامدا دوو ئەفسەری سوپای عێراق بە پلەکانی رائید و نەقیب و دوو ئەندامی دیکە سوپای عێراق کورژان و رەتیکردەوە، هیچ ئەفسەرێکی عێراقی لەلایەن داعشەوە رفێندرابێت.

بەرپرسی لقی باکووری رێکخراوی بەدر ئاماژەی بەوەکرد، ماوەیەکە چەکدارانی داعش لە سنوورەکەدا جمووجوڵیان زیادیکردووە و هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان.

 

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە دوو قۆڵەوە لە باشووری کەرکووک و بەدیاریکراوی لە سنووری گوندی مەنسووڕیە و داقووق، ھێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پۆلیسی فیدراڵی و بەهۆیەوە پۆلیسێک کوژرا و دووانیش بریندار بوون.