پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز دەکات حکومەت لێخۆشبوون بۆ کرێی دوو مانگ دەربکات

 
رووداو - هەولێر

سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، بەهۆی راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆوە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازێکی داوەتە حکومەت بۆئەوەی کاربکات بۆ دەرکردنی لێخۆشبوون لە کرێی کەرتی تایبەت و حکومی.
 
لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازی کردووە حکومەت بڕیاری لێخۆشبوون بۆ کرێی دوو مانگی هەموو کرێچییەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت دەربکات، چونکە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان بێکاربوون و بەشێکێش لەوانەی بێکاربوون لە دووکان و بازاڕ کرێچین یان لە خانووی کرێدان، هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتیش پشتیوانی لە پێشنیازەکەی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن.
 
سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار باسی لەوەش کرد، لە بەرامبەر ئەوەی خاوەن موڵکەکان لە کرێ خۆشدەبن، حکومەت ئاسانکارییان بۆ بکات لە باج و چەند شتێکی دیکە.
 
لوقمان وەردی جەخت لەوە دەکاتەوە "حکومەت لیژنەی پێکهێناوە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەین بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە بدات".
 
لە کۆبوونەوەی رابردوویدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی لەبارەی کرێ، رسومات، باجی داهات و باجی خانووبەرە، پێبژاردنەکان و قەرز و پێشینەکان پەسندکرد؛ لە پرۆژەیاساکە داواکراوە حکومەت لە کرێی ئەو ماوەیەی کرێنشینەکانی خۆشبێت کە قەدەخەی هاتووچۆ بووە؛ هەروەها حکومەت وەرگرتنەوەی پێشینەی خانووبەرە و قەرزی بچووک دوابخات.
 
بەپێی بڕیاری ژمارە 32ی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی 2003 دەرچووە، ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی پێدراوە بە کەمکردنەوەی کرێ بەپێی بارودۆخ؛ پێشتر ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، حکومەت دەیەوێ ئەو دەسەڵاتە بەکاربهێنێت بۆئەوەی خاوەن موڵکەکان کرێکانیان کەمبکەنەوە و لە بەرامبەردا حکومەت لە باجەکانیان خۆشدەبێت.
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 14ی ئاداری 2020ـەوە قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە و چەند جارێک درێژکراوەتەوە، بەشێکی بەرچاو لە هاونیشتمانیان بەو هۆیەوە بێکاربوون و قورساییەکی زۆریش کەوتە سەر شانی کرێنشینان.