باڵیۆزی فەرەنسا سەردانی کەرکووک دەکات

13-04-2016
رووداو @Rudawkurdish
...
...
نیشانەکردن فەرەنسا کەرکووک
A+ A-

رووداو- كەركووك

مارك بارێتی، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق سەردانی شاری کەرکووک دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارە و فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە.

هەڵكەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئێستا مارك بارێتی، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق گەیشتووەتە شاری كەركووك و لەگەڵ پارێزگار نەجمەدین كەریم و ژمارەیەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لەكۆبوونەوەدایە. دواتر سەردانی هێزەکانی یەکەی 70 دەکات و لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە كۆدەبێتەوە.

پەیامنێری رووداو راشیگەیاند، لە كۆبوونەوەكاندا باڵیۆزی فەرەنسا پرسی شایستە داراییەكانی كەركووك لە بەغدا و كێشەی ئاوارەكان لەو پارێزگایە تاووتوێ دەكات، لەگەڵ فەرماندەكانی پێشمەرگەش باسی رووبەڕووبوونەوەی داعش و، پێداویستییەكان و چۆنیەتی كۆمەككردنی پێشمەرگە دەكات. 

سەردانی باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق بۆ کەرکووک لەکاتێکدایە، دوو رۆژ بوو ژان ئیڤ لو دریان، وەزیری بەرگریی فەرەنسا لە عێراق و باشووری كوردستان بوو. فەرەنسا پێگەی سەربازی لە دەوروبەری شاری کەرکووک هەیە و یەکێکە لە وڵاتە کاریگەرەكانی بەشدار لە هاوپەیمانیی شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە