براكەی خۆی لەسەر میرات كوشت

رووداو- شێخان

دوو برا و دوو خوشك لەسەر میراتی باوكیان دەبێتە كێشەیان، كێشەكە بە جۆرێك درێژە دەكێشێ‌ كە پیاوە بەتەمەنەكانی بنەماڵەی دوو براكە و خێزانەكانیان بۆ چارەسەر دێنە نێو كێشەكە. كێشەیەك رەنگە بە جێبەجێكردنی پێشنیازەكەی خوشكەكان كۆتایی هاتبا، بەڵام براكان هێندەیان گەورە كرد، تاوەكو مەرگی یەكێكیانی لێكەوتەوە و ئەوی دیكەشیان كەوتە زیندانەوە.

رۆژی 1/4/2016 لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك  پیاوێكی تەمەن 51 ساڵ، بەنێوی وەیسی محەممەد، لەلایەن (ع)ی برای كە تەمەنی نزیكەی 40 ساڵە كوژرا. وەیسی پەیمانگەی تەندروستی تەواوكردووە، پاشان چووەتەوە كۆلێژ و بكالۆریۆسی لە یاسا بەدەستهێناوە. وەیسی كە خاوەنی پێنج منداڵ بوو، كارمەندی فەرمانگەی تەندروستی دهۆك بوو، براكەشی پێشمەرگەیە.

رائید هێمن سلێمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند، تۆمەتبارەكە هیچ كێشەیەكی دەروونی نەبووە و تەنیا بەهۆی دەمەقاڵێیەكەوە لەگەڵ براكەیدا ئەو تاوانەی ئەنجامداوە و گوتی "بكوژ بە چەكی كڵاشینكۆف براكەی كوشتووە، دوای رووداوەكە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە و بەپێی ماددە 405 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەی دەكرێت".

ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی دەڵێت "هەر كەسێك بە ئەنقەست كەسێكی دیكە بكوژێت، بە بەندكردنی هەتاهەتایی یان كاتی سزا دەدرێت".

ئەو دوو برایە تەنیا دوو خوشكیان هەیە، باوكیان نزیكەی چواردە ساڵ لەمەوبەر كۆچی دوایی كردووە، دایكیشیان پێش باوكیان مردووە. نەوڕەس وەیسی كوڕی كوژراوەكە بە (رووداو)ی راگەیاند، باپیری پێش مردنی، هیچ وەسیەتێكی نەكردووە بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی خانووەكەی، بەڵام لەبەرئەوەی ئەوان خانووی خۆیان هەبووە، مامی لەگەڵ دوو پوورەكەی لەو خانووەدا ژیاون كە لە پاش باوكیان بەجێماوە.

بە گوتەی نەوڕەس، پوورەكانی نانخواردنیشیان لەگەڵ ماڵی مامی جیابووە و گوتی "چەندین ساڵە مامم هەر دەیگوت ئەو خانووە دەفرۆشم و خانوو بۆ خۆم دەكڕم، باوكیشم دەیگوت ئاساییە بیفرۆشە، بەڵام دەبێت هەقی من و دوو خوشكەكەشمان بدەیت، بەڵام مامم رەتی دەكردەوە".

بەقسەی نەوڕەس، هەفتەیەك پێش رووداوەكە و چەندین شەو لە ماڵی باوكی دایكی، بە ئامادەبوونی خوشكەكانی باوكی و خاڵی و چەند خزمێكی دیكەیان، هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەیان داوە، بەڵام هەر چارەسەر نەبووە. نەوڕەس گوتی "ئەو شەوە چووینە ماڵی خاڵم، پوورەكانم بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو خانووە، پێشنیازیان كرد خۆیان خانووەكە هەڵبگرنەوە و هەقی باوكم و مامم بدەن كە هەریەكەیان 20 هەزار دۆلاریان بەردەكەوت، بەڵام دیسان مامم دەیویست بەزۆر 10 هەزار دۆلارەكەی هەقی باوكیشم بۆ خۆی ببات، باوكیشم رازی نەبوو".

وەكو نەوڕەس گوتی، دواتر مامی هەڕەشەی كوشتنی لە باوكی كردووە و دوای نیو كاژێریش چووە كڵاشینكۆفی هێناوە "لەگەڵ هاتنە ژوورەوەی دەستدڕێژی گوللەی بە ژوورەكەدا كرد، دەویست هەموویان بكوژێت، بەڵام بەس باوكم بەركەوت و كوژرا".

خێزانی وەیسی ئامادە نین لە (ع)ی برای خۆش ببن. كوڕەكەی گوتی "قسەی ئێمە ئەوەیە بەهیچ شێوەیەك لە مامم خۆشنابین و دەبێت هەتا ماوە لە زینداندا بێت"، سەبارەت بە هەڵوێستی خێزانی مامیشی گوتی "ئەویش رۆیشتووەتەوە بۆ ماڵی باوكی".

هاوڕێیەكی وەیسی كە بە گوتەی خۆی نزیكەی بیست ساڵە پێكەوەن و ئاگاداری دۆسیەكەیە، گوتی "كێشەكە تەنیا لەسەر ئەو خانووە بووە، ئەگینا وەیسی خۆی باری دارایی باش بووە و هیچ كێشەیەكی دیكەی لەگەڵ براكەیدا نەبووە، بەڵام وەكو دەگوترێت براكەی باری دارایی باش نەبووە".