کچی شەهیدێکی راپەڕینی دهۆک بە گریانەوە؛ بەڕاستی مانگی سێ بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی رۆژی 14ـی ئاداری ساڵی 1991، لە دهۆک دەنگی گوللە لە هەموو لایەکەوە دێت، هێرش دەکرێتە سەر ئەمنی دهۆک و راپەڕینە. خەونەکە بووە راستی و خەڵک و پێشمەرگە سەرکەوتن و کەیفخۆش بوون، بەڵام ئەو سەرکەوتنە بەبێ قوربانی نەبوو.
برینی کەسوکاری شەهیدانی ئەو راپەڕینە هێشتا ساڕێژ نەبووە. یوسف حاجی، برای شەهیدێکی راپەڕینی دهۆکە کە لەتەمەنی 21 ساڵیدا شەهید بوو. یوسف دەڵێ ئەو بەدەستەکانی خۆی تەرمی براکەی ناشتووە.
یوسف حاجی، برای شەهید ئەسعەد بە رووداوی گوت "برای بچووکم بوو، هەرگیز ئیشمان پێی نەدەکرد. چاوەڕێی بووین لە شوێنێک وێنەکەی دەرکەوێت و نەکوژرابێت، وێنەی دەرکەوت و دەیانبردە فەیدییە، دوای ئەوەی کوژرابوو، وێنەکەی بە ئۆتۆمبێلێکەوە کرابوو و گوتیان ئەوە شەهیدە."
تیمی رووداو لەگەڵ یوسفی برای ئەسعەد چوونەتە شوێنی شەهیدبوونی، 33 ساڵ بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە و هێشتا شوێنەواری گوللە بەسەر دیواری ئەمنەوە دیارە.
یوسفی برای شەهید ئەسعەد بە گۆچانەکەی دەستییەوە ئاماژە بە چەند شوێنێک دەکات و دەڵێ، "براکەم کەوتبووە ئێرە و تفەنگەکەشی لێرە بوو."
ئەسعەد سێ کچی لەدوای خۆی جێهێشت، گەورەترینیان هێشتا رووداوەکانی ئەو کاتەی بە بیر ماوە و هەرکاتێک باسی ئەو ساتە دەکات کە تەرمی باوکیان هێناوەتە بەر دەرگەی ماڵەوەیان، فرمێسک لە چاوەکانی ناوەستن.
رۆندک ئەسعەد، کچی شەهید ئەسعەد دەڵێ "هەندێکم لەبیرە، ئەوکاتەی باوکی منیان بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن هێنایەوە بەردەرگەی ماڵەوە، باوکی من یەکەم شەهید بوو، ئەوە شتێکی زۆر گەورەیە بەڕاستی... ئێمە زۆر بەدوای کارەکانییەوە چووین و نووسراوەکانی، بەڕاستی لە هەموو شتێک مەغدوورە..." بە گریانەوە دەشڵێ "مانگی سێ بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە."
هەتاوەکو ئێستا ژمارەی راستەقینەی شەهیدانی رۆژی راپەڕینی دهۆک نازانرێت، بەڵام لەگەڵ ئەو رۆژە خۆشەی شار، کەسوکاری شەهیدانی راپەڕین، بیرەوەریی ناخۆشیان بیردەکەوێتەوە.