رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان لە رووداوێکی هاتووچۆدا 18 کەس بریندار بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئاداری 2024، رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان پاسێکی گواستنەوەی هێڵی گشتی و پاسێکی گواستنەوەی کرێکاران و ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگەی سەرەکیی ناوشار لە پارێزگای ئەرزەڕۆم، روویدا. بەهۆیەوە 18 کەس بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئەرزەڕۆم، هۆکاری رووداوەکەی بۆ تیژڕۆیی پاسەکە گەڕاندەوە کە لە چوارڕیانی ناوشاردا بەهۆی ئەوەی پاسەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو، دەرەنجام لە رێڕەوی خۆی لایدا و خۆی بە ئۆتۆمبێلێک و دواتر بە پاسی گواستنەوەی هێڵی گشتیدا کێشا.
دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر ئەمبووڵانس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکان گواسترانەوە نزیکترین نەخۆشخانەی شارەکە. دوو لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ساڵی 2023 لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان 555 هەزار و 668 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەهۆیانەوە دوو هەزار و 984 کەس گیانیان لەدەستداوە و 354 هەزار و 323 کەس بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ