رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، عەرەبێکی هاوردە مێرمنداڵێکی کورد دەکوژێت و دواتر تەرمەکەی فڕێدەداتە نێو بیرێک.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، مێرمنداڵەکە ناوی ئەحمەد خالیدە و تەمەنی 16 ساڵە و خەڵکی شاری عەفرینە.
وەلید مەتێ، کە مامی ئەحمەدە، شەوی چوارشەممە 13-03-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "برازاکەم بە چەقۆ کوژراوە، شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە دیارە، دوای کوشتنیشی تەرمەکەی فڕێدراوەتە نێو بیرێکی ئاو". گوتیشی، "بکوژەکە بە رەگەز عەرەبە و ناوی یامین ئەحمەد ئیبراهیمە، خەڵکی ئیدلیبە و لەدوای داگیرکردنی عەفرین هاتووەتە ناوچەکە".
سەبارەت بە هۆکاری کوشتنەکەش، وەلید مەتێ گوتی، "ئەو عەرەبە هاوردەیە لە نانەواخانەی باوکی ئەحمەد کاری کردووە، ئەو مێرمنداڵەش هەر لەوێ کاری کردووە، هەفتەیەک پێش ئێستا کێشەیەک لە نێوان ئەو و خاوەنی نانەواخانەکەدا دروست بوو و لە کارەکەی دەرکراوە. ئەویش لە تۆڵەی ئەوەدا، ئەحمەدی کوشتووە".
وەلید مەتێ ئاماژەی بەوەدا، بکوژ مێرمنداڵەکەی بردووەتە دەرەوە و لە سەر رێگای تەلسوور کوشتوویەتی و پاشان تەرمەکەی فڕێداوەتە نێو بیرێک. ئەمڕۆ تەرمەکەی لە نێو بیرەکە دەرهێندرا. بکوژەکەش لەلایەن پۆلیسی عەفرین دەستگیرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ