لە ئاکرێ بوومەلەرزە روویدا

13-03-2024
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی چوارشەممە بوومەلەرزەیەک لە سنووری قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک روویدا، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی و مادی لێبکەوێتەوە.
 
چوارشەممە 13-03-2024 حەمید حەسەن، بەڕێوەبەری بەرپرسی بەشی بوومەلەرزە لە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی دهۆک بە رووداوی رایگەیاند، شەوی چوارشەممە بوومەلەرزەیەک لە سنووری قەزای ئاکرێ روویدا، کە 2.9 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
 
سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانی بوومەلەرزەکە، حەمید حەسەن گوتی، تاوەکو ئێستا نەزانراوە هیچ زیانێکی گیانی و مادی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تۆمارکرابێت.
 
بەڕێوەبەری بەرپرسی بەشی بوومەلەرزە لە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی دهۆک ئاماژەی بەوەدا، ناوچەی ئاکرێ بەرەو موسڵ و بەشێکی ناوچەی زێبارییان، بە ناوچەی چالاکی بوومەلەرزە ناسراون و بوومەلەرزە تێیاندا روودەدات، بەڵام گوڕەکانیان کەمە.
 
حەمید حەسەن گوتیشی، لە ساڵی 1991ـەوە تاوەکو ئێستا 14 بوومەلەرزە لەو ناوچەیە روویداوە، کە گوڕەکانیان لە نێوان 4 بۆ 5.2 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
 
بەپێی ئاماری دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ساڵی رابردوو 67 بوومەلەرزە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک (باشووری کوردستان) روویانداوە، کە زۆرترینیان لە سلێمانی بووە.
 
سەنتەری تۆمارکردنی بوومەلەرزە نوێ دەکرێتەوە
 
لە هەرێمی کوردستان هەشت وێستگەی تۆمارکردنی بوومەلەرزە هەن، کە بوومەلەزرەکانی ناوخۆ و دەرەوە تۆمار دەکەن، بنکەی ئەلیکترۆنی تۆمارکردنی بوومەلەرزەش لە شاری سلێمانییە.
 
بەکر محەممەد، بەرپرسی پێشووی بەشی داتا لە سەنتەری بوومەلەرزە لە شاری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "ئێستا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی بنکەی تۆمارکردنی بوومەلەزرەین، بە تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەکە هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سەنتەرێکی پێشکەوتووی بوومەلەرزە".
 
بەکر محەممەد گوتی، "سۆفتوێری سەنتەرەکە دەگۆڕدرێت، بە دانانی سوفتوێرەکە، بنکەکەمان هاوشێوەی بنکە جیهانییەکان، دەتوانێت لە ماوەی سێ خولەک شوێنی روودان و گوڕی بوومەلەرزەکە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی دەستنیشان بکات".
 
نۆژەنکردنەوەی بنکەکە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەستیپێکردووە، بەگوتەی بەرپرسی پێشووی بەشی داتا لە سەنتەری بوومەلەرزە لە سلێمانی، نۆژەنکردنەوە کاتێکی زۆر دەخایێنێت، جگە لەوەی پێویستی بە سێرڤەرێکە، کە دەبێت لە دەرەوە بۆی بهێندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.