بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە مهاباد سێ کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە رێگەی نێوان مهاباد - ورمێ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێلی دیکە پێکیاندادا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا.

رۆژی چوارشەممە، 13ـی مارسی 2024، سەردار فەداکار، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد رایگەیاند، درەنگانی ئێوارە لەسەر رێگەی نێوان مهاباد - ورمێ، لە نزیک گوندی لەج کە 20 کیلۆمەتر لە مهابادەوە دوورە، بارهەڵگرێک کە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هەڵگرتبوو، خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری سایپا پرایددا کێشا."
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مهاباد دەڵێت، "سێ کەس بەهۆی رووداوەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و تەرمەکانیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکاندا گیر بووبوو".
 
سەردار فەداکار لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکە گوتی: "ئێستا تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆی مهاباد خەریکی لێکۆڵینەوەن بۆ دەرخستنی هۆکاری رووداوەکە"، دەشڵێت، "دوای دەرهێنانی تەرمەکان رەوانەی دادپزیشکی مهاباد کران."
 
رێگەی نێوان مهاباد - ورمێ 110 کیلۆمەترە و بەهۆی ئەو هاتووچۆ زۆرەی رۆژانە لێیەوە دەکرێت و یەکسایدی رێگەکەش ساڵانە بە دەیان رووداوی هاتووچۆ و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی لێ روودەدات.