تەیف سامی: 'دەتوانرێت بە کەمتر لە مانگێک هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دروست بکرێت'

رووداو دیجیتاڵ 

بەمەبەستی باسکردنی کێشەی خاڵە سنوورییەکان و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی لیژنەی دارایی پەرلەمان کرا، ئەندامانی کوردی لیژنەکە هاتنی وەزیرەکەیان بە دەرفەت زانی، تاوەکو پرسیاری ناڕوونی و ناتەواوی لە ناردنی پارەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لێ بکەن.
 
بەڵام تەیف سامی دیسان هۆشداری دا لەوەی بەبێ دروستکردنی هەژماری بانکی، بۆ مانگەکانی داهاتوو، یەک دینار بۆ فەرمانبەران نانێرێت.
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ تەیف سامی "گوتی 'یەک دینار نانێرم، ئەگەر هەژماری بانکی دروست نەکرێت.' هەرچەندە ئێمە بڕیاری دادگەی فیدراڵیمان هەیە، بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەسەرووی هەموو بڕیارەکانەوەیە، بەڵام خەمساردی هەردوو حکومەت روونە. من ئەو پرسیارەشم لێیکرد گوتم هەستدەکەم هەردوو حکومەت جدی نین لەم بابەتە، ئەو گوتی 'راستە، ئێمە هیچ هەنگاوێکمان نەهاوێشتووە.' لەنێوان هەردوو حکومەتدا تەنها فەرمانبەر دەبێتە قوربانی.''
 
وەزیری دارایی عێراق بە ئەندامانی لیژنەکەی گوتووە، دەتوانرێت هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەماوەی کەمتر لە مانگێک دروست بکرێت. 
 
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنە دارایی لە پەرلەمان عێراق دەڵێ "ئەمڕۆ بەڕێز وەزیری دارایی بیرۆکەیەکی هەیە، پێی وایە سیستەمێکی باش هەیە لە هەرێم بۆ دروستکردنی هەژماری بانکیی سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەرانی خانەنشینکراو و چاودێریی کۆمەڵایەتی، سیستەمەکە ئامادەیە، تەنها ناردنی داتاکان ماوە، ئەگەر حکومەتی هەرێم قەناعەتی هات، تاکە چارەسەر ئەوەیە هەژماری بانکی دروست بکرێت. پێموایە لەماوەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ ئەم سیستەمە ئامادەبێت، تائێستا دەستپێنەکراوە، بەمە دەتوانن خزمەتێک پێشکەش بکەن بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی هاووڵاتیان لە هەرێم." 
 
وەزارەتی دارایی عێراق بە چوار لیست نزیکەی 560 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت هێشتا 390 ملیار دینار کورتهێنانیان بۆ دروست دەبێت.
 
لەو نووسراوەی تەیف سامی بۆ دادگەی فیدراڵی ناردبوو، هاتبوو کە هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت هەتاوەکو ئەو کاتەی هەژمارەکان تەواو دەکرێن بۆ مانگی سێ، ئەمڕۆ لەم لیژنەیە هەمان قسەی بە ئەندامانی لیژنەی دارایی گوت، ''چاوەڕێی هیچ پارەیەک نەکەن، هەتاوەکو ئەوکاتەی سەرجەم هەژمارەکان تەواو دەکرێن.''