چوارشەممە سووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان؛ کەسێک گیانی لەدەستدا و 571ـی دیکە برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوەکانی رۆژی چوارشەممە سووریدا بەپێی راپۆرتی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، 571 کەس برینداربوون و لە پارێزگای لوڕستانیش هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستداوە.
 
رێوڕەسمی چوارشەممە سووری ئێوارەی رۆژی سێشەممە کە دوایین سێشەممەی مانگی رەشەمێیە، بەڕێوەچوو. لەو بۆنەیەدا خەڵک ئاگر دەکەنەوە و بە دەوریدا شایی دەکەن، بەڵام لەم ساڵانەدا بەهۆی بەکارهێنانی یاری ئاگرینی ناستاندارد خەڵکێکی زۆر بریندار دەبن یان گیان لەدەستدەدەن.
 
بەپێی راپۆرتی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ، لە رووداوەکانی چوارشەممە سووریدا 295 کەس بریندار بوون.
 
فەرزین رەزازادە، سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ورمێ، شەوی رابردوو گوتی، "چاوەکان و دەستەکان زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەی ئەندامانی جەستە بریندار بوون."
 
بەپێی راپۆرتی شەوی رابردووی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای سنەش، 139 کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە برینداربوون، 89٪یان پیاو بوون و 70٪یان تەمەنیان کەمتر لە 18 ساڵ بووە.
 
حوسێن جەعفەری، سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای سنە دەڵێت، 32 کەس چاویان بریندار بووە، 74 کەس سووتاون و 17 کەسیشیان بەشێوەی سەرپێی چارەسەریان بۆ کراوە.
 
لە پارێزگای کرماشانیش شەوی رابردوو فریاکەوتنی خێرا بڵاویکردەوە، لە رووداوەکانی چوارشەممە سووریدا تاوەکو کاژێر 22:00، 101 کەس برینداربوون کە 30 کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێنراون، 30 کەس چاویان بریندار بووە، پێنج کەسیش ئەندامی لەشیان لەدەستداوە. 
 
سەیدنوور عەلیمورادی، سەرۆکی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ئیلام دەڵێت، لەم پارێزگایەدا 10 کەس لە رووداوەکانی چوارشەممە سووریدا برینداربوون.
 
لە پارێزگای لوڕستان فریاکەوتنی خێرای ئەو پارێزگایە بڵاویکردووەتەوە، 26 کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوتەی موحسین ئادینەوەند، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای لوڕستان، لە شاری بروجێرد خانوویەک بەهۆی بەکارهێنانی تەقەمەنییەوە تەقیوەتەوە و سێ کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.