کوردستان
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا داوایکرد حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چەک بکرێن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دەبێت "گرووپە جوداخوازەکان"ـی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستانن چەکبکرێن و ئاماژە بەوەش دەکات کە "نابێ چیدیکە هیچ جۆرە چالاکییەکی چەکدارانە، کامپی سەربازی و خولی راهێنان و بابەتی دیکەی لەو شێوەیە لە ناوچەکە ببینین و ئەو تاوانبارانەش کە داواکراوی ئێمەن، دەبێ رادەستمان بکرێنەوە".
رۆژی دووشەممە، 13ـی ئاداری 2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی بوونی هێزە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە بەڵێنەکانی حکومەتی عێراق بکات گوتی: "بڕوامان وایە حکومەتی عێراق وەکو بەرپرسی دابینکردنی ئاسایش و کۆنترۆڵی سنوورە هاوبەشەکانمان، پێویستە پابەندی بەڵێنەکانی خۆی و بەرپرسیارێتییەکەی بێت لەو بوارەدا".
کەنعانی گوتی، ئەوان حکومەتی عێراق بە بەرپرسی دابینکردنی ئاسایش سنوورە هاوبەشەکانیان دەزانن، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: "سەبارەت بە بابەتی ئەو گرووپە جوداخوازانە و ئەو چەکدارانەی کە ناوچەکانی هەرێم [هەرێمی کوردستان] وەک پەناگە و جوگرافیایەک بۆ چالاکییە چەکدارییەکانی خۆیان و تێکدانی ئاسایش بەدرێژایی سنوورە هاوبەشەکان، کەڵک وەردەگرن، ئێمە پێداگریمان کردووە کە بڕوامان وایە دەبێ ئەو گرووپانە چەکبکرێن و حکومەتی عێراق دەبێ پابەندی ئەو رێککەوتنانە بێت کە پێشتر لەو بوارەدا کردوومانن".
لە بەردەوامیی قسەکانیدا سەبارەت بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کەنعانی گوتی: "نابێ چیدیکە هیچ جۆرە چالاکییەکی چەکدارانە و کامپی سەربازی و خولی راهێنان و بابەتی دیکەی لەو شێوەیە لە ناوچەکە ببینین و ئەو تاوانبارانەش کە داواکراوی ئێمەن و بەرامبەر حکومەت و خەڵکی ئێران تاوانیان ئەنجامداوە، دەبێ رادەستمان بکرێنەوە. ئەمانە ئەو بابەتانەن کە لە چوارچێوەی لیژنەی باڵای ئاسایشی نێوان تاران و بەغدا، رێککەوتنی لەسەر کراوە و خەریکە جێبەجێ دەکرێن".
گوتەکانی کەنعانی لە کاتێکدایە، رۆژی 28-9-2022، سوپای پاسداران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر قەڵای دیموکرات و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و سنووری پردێ، لە ئەنجامدا 17 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 کەسیش برینداربوون. دوای ئەوەش چەند جارێکی دیکە هێرشی هاوشێوەی ئەمجامدا و گیانلەدەستدان و برینداریان لێکەوتەوە.
دەقی گوتەکانی ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران:
بڕوامان وایە حکومەتی عێراق وەکو بەرپرسی دابینکردنی ئاسایش و کۆنترۆڵی سنوورە هاوبەشەکانمان، پێویستە پابەندی بەڵێنەکانی خۆی و بەرپرسیارێتییەکەی بێت لەو بوارەدا. ئێمە حکومەتی عێراق بە بەرپرسی دابینکردنی ئاسایش لە سنوورە هاوبەشەکانمان دەزانین، بە تایبەت لە ناوچەی هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە بابەتی ئەو گرووپە جوداخواز و چەکدارانەش کە ناوچەکانی هەرێم وەک پەناگە و جوگرافیایەک بۆ چالاکییە چەکدارییەکانی خۆیان و تێکدانی ئاسایش بە درێژایی سنوورە هاوبەشەکان کەڵک وەردەگرن، ئێمە پێداگریمان کردووە کە بڕوامان وایە دەبێ ئەو گرووپانە چەک بکرێن و حکومەتی عێراق دەبێ پابەندی ئەو رێککەوتنانە بێت کە پێشتر لەو بوارەدا کردوومانن. نابێ چیدیکە هیچ جۆرە چالاکییەکی چەکدارانە، کامپی سەربازی و خولی راهێنان و بابەتی دیکەی لەو شێوەیە لە ناوچەکە ببینین و ئەو تاوانبارانەش کە داواکراوی ئێمەن و بەرامبەر حکومەت و خەڵکی ئێران تاوانیان ئەنجامداوە، دەبێ رادەستمان بکرێنەوە. ئەمانە ئەو بابەتانەن کە لە چوارچێوەی لیژنەی باڵای ئاسایشی نێوان تاران و بەغدا، رێککەوتنیان لەسەر کراوە و خەریکە جێبەجێدەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ