لەگەڵ رەنج؛ بەدیجیتاڵکردنی سیستمی بانک لە هەرێمی کوردستان و عێراق

13-03-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن لەگەڵ رەنج
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تائێستاش سیستمێکی کۆنە و تازە هەنگاوەکان بەرەو بەدیجیتاڵکردنی دەنرێن. سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی ‏حكومەتی ‏هەرێمی كوردستان دەڵێت، تەنیا 15.8٪ـی دانیشتووانی عێراق هەژماری بانکییان کردووەتەوە و بەڕێوەبەری بانکێکی دیجیتاڵیش دەڵێت، ئێستا لە هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان دەتوانن لە ماڵەوە و لە رێگەی ئەپێکی تایبەتەوە، بە پێنج خولەک هەژماری بانکی بکەنەوە.
 
بەرنامەی لەگەڵ رەنج رۆژی یەکشەممە 12-03-2023 بە میوانداریی: هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی ‏حكومەتی ‏هەرێمی كوردستان، ‏ئەلەند سەیفەدین، بەڕێوەبەری بەشی تەكنیك لە بانكی عێراقی یەكەمی ‏دیجیتاڵی ‏FIB، د. ئاوارە بەختیار، مامۆستای زانكۆ ‌و پسپۆری بواری بازرگانیی ئەلیكترۆنی، د. بڕیار ئەحمەد، راگری كۆلێژی زانست لە زانكۆی چەرموو و ‏عەبدولقادر حەمەدئەمین، بەڕێوەبەری تەكنەلۆجیای بانكەكان لە وەزارەتی ‏دارایی، رۆڵی بانكی دیجیتاڵی لە جوڵاندنی بازاڕ و بەگەڕخستنی سەرمایە لە هەرێمی کوردستان گەنگەشەکرد.
 
رێژەی 15.8٪ـی خەڵکی عێراق هەژماری بانکییان هەیە
 
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری دەڵێ، ئەو تێڕوانینە هەڵەیە کە پێمان وابێت تەنیا ئەو کەسانە دەبێ هەژماری بانکییان هەبێت کە بازرگان و سەرمایەدارن. ئاشکراشی دەکات "تەنیا 15.8٪ـی خەڵکی عێراق هەژماری بانکییان کردووەتەوە".
 
هیوا ئەفەندی لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج گوتی "هەبوونی هەژماری بانکی لەلایەن خەڵکەوە وەک پێوەرێک بۆ ئاستی پێشکەوتنی وڵاتان دادەنرێت. بەپێی پێوەری وڵاتانی تازە گەشەکردوو، دەبوو 47٪ـی دانیشتووانی عێراق هەژماری بانکیان هەبێت، بەڵام تەنیا 15.8٪ـیان هەژماری بانکییان کردووەتەوە".

 

 
هیوا ئەفەندی دەڵێت: "هەر هاووڵاتییەک بەرکەوتنی لەگەڵ حکومەتدا هەبێت، ئینجا پارەی پێبدات یان پارەی لێ وەربگرێت، دەبێت هەژماری بانکی هەبێت و هەموو ئەو مامەڵانەی حکومەت لەگەڵ هاووڵاتییانی دەکات، دەبێت لە رێگەی بانکییەوە بن؛ بۆیە کردنەوەی هەژماری بانکی تەنیا بۆ کەسانی سەرمایەدار و دەوڵەمەند نییە".
 
پرۆژەی "هەژماری من" 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کامپەینێکی بەناوی "هەژماری من" دەستپێکردووە بۆ ئەوەی هانی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەت و هاووڵاتییان بدات هەژماری بانکی بکەنەوە، ئەوەش وەک دەروازەیەک بۆ بەدیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی دەبیندرێت. سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری ‏حكومەتی ‏هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو پرۆژەیە بناخەی بەدیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
 
هیوا ئەفەندی گوتی: "بانکی ناوەندیی عێراقی ژینگەیەکی دروستنەکردووە کە کارئاسانی بکات بۆ ئەوەی هەموو بانکەکان بتوانن پابەندی سیستمی دیجیتاڵی بن. لە پرۆژەی "هەژماری من"، ئێمە لەسەر پێوەر و بنەماکانی بانکی ناوەندی هەژمارمان بۆ 850 کەس کردەوە و هەموویان ئایبانیان بۆ دروستکرا و ئێستا دەتوانن مووچەکانیان لە ATMـەکانی دەرەوەی وڵات بەکاربهێنن یان بە سیستمەکانی ئۆنلاین پارە بدەن"، گوتیشی: "ئەو 850 کەسە وەکو ئەزموون بۆ دانانی بناخەکە هەژماریان بۆ کراوەتەوە".
 
مەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بانکەکان
 
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی ‏حكومەتی ‏هەرێمی كوردستان تایبەتمەندییەکانی ئەو بانکانە دەخاتەڕوو کە دەبێت لە پرۆژەی "هەژماری من"ـدا بەشدار بن و مەرجەکانی حکومەت دەخاتەڕوو: 
 
هیوا ئەفەندی دەڵێت: "حکومەت بە کۆمەڵێک مەرج رێگە بە هەموو بانکەکان دەدات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران بکەن و سەرجەم مەرجەکانیش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانن".
 
زیاتر روونیدەکاتەوە: "دەبێ بانکەکە پارەی خەوێنراوی لە بانکی ناوەندیی عێراق هەبێت بەرامبەر ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران پێی دەدرێت. مەرجێکی دیکە ئەوەیە؛ دەبێ ئەو بانکە سیستمی سیکیۆریتی بەهێزی هەبێت و لە بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتی کارکردنی هەبێت".
 
هەروەها باسی ئەوە دەکات "کاتێک بانکەکان ئەو مەرجانەیان تێدابوو و پەیوەست بە پرۆژەکە بوون، ئێمە هاوکاری خەڵک دەکەین ببنە خاوەنی هەژماری بانکی. ئەوان خۆیان سەرپشک دەبن چ بانکێک هەڵبژێرن و ئێمەش یارمەتییان دەدەین لە دروستکردنی هەژمارەکانیان".
 
هاوکات ‏د. ئاوارە بەختیار، مامۆستای زانكۆ ‌و پسپۆڕی بواری بازرگانیی ئەلیكترۆنی گوتی، ئێستا لەبەردەم هەموو بانکەکاندا نۆرە گیراوە بۆ ئەوەی خەڵک هەژماری بانکی بکەنەوە، ئەوەش بەو هۆیەیە کە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، هەرکەسێک لەڕێگەی هەژماری بانکی خۆیەوە مامەڵە داراییەکانی بکات.
 
ئاوارە بەختیار گوتی، لە هەرێمی کوردستان و عێراق ژمارەی بانکەکان کەم نین، بەڵکو خەڵک مامەڵە داراییەکانیان لە رێگەی هەژماری بانکییەوە نەکردووە، لە هەموو عێراقدا 15٪ـی خەڵک هەژماری بانکییان هەیە، بەڵام لە وڵاتێکی داخراوی وەکو ئێران 94٪ـی خەڵکەکەی هەژماری بانکییان هەیە.
 
 
"لە ساڵی 2015ـەوە دیجیتاڵ بانک لە هەرێمی کوردستان هەیە"
 
بەڕێوەبەری تەكنەلۆجیای بانكەكان لە وەزارەتی ‏دارایی دەڵێت، ماوەیەکی زۆرە حکومەت سیستمێکی بانکی هەیە و بەشێک لە بانکەکانیشی پێوە بەستراوە، بەڵام سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری دەڵێت، ئەو سیستمە بەرەو خانەنشینبوون دەچێت و سەردەمییانە نییە.
 
عەبدولقادر حەمەدئەمین، بەڕێوەبەری تەكنەلۆجیای بانكەكان لە وەزارەتی ‏دارایی دەڵێت: "وەزارەتی دارایی دەمێکە دەخوازێ سیستمێکی بانکی باش لە هەرێمی کوردستان هەبێت. بۆ ئەمەش حکومەت کۆربانکینگ سیستمی کڕی و ئەم سیستمەش بۆ جێگیربوون کاتی پێویستە و دەبێت بانکەکانی پێوە گرێبدرێن و سیستمی فایبەر ئۆپتیکی دەوێت. ئێستا بەشێکی زۆری بانکەکان بەیەکەوە گرێدراون و ئەو سیستمەیان تێدا دانراوە".
 
بە گوتەی عەبدولقادر حەمەدئەمین: "ئەگەر سیستمی کۆڕبانکینگ بەتەواوی جێگیربوو، کاروباری بانکەکان رێکدەخرێن و دەتوانرێ هەژماری بانکی بۆ هەموو مووچەخۆران و ئەو کەسانەش کە مووچەخۆر نین، بکرێتەوە".
 
بەڕێوەبەری تەكنەلۆجیای بانكەكان لە وەزارەتی ‏دارایی رایگەیاند: "لەگەڵ کڕینی سیستمی کۆڕبانکینگ لە سەرەتادا ATMـیش داندرا، بەڵام بەردەوامی پێ نەدرا، لە ساڵی 2015ـەوە دیجیتاڵ بانک لە هەرێمی کوردستان دانراوە، ئەوکات ئامانجمان ئەوە بوو کارتی ئەلیکترۆنی بۆ مووچەخۆران دروستبکەین"، دەشڵێت: "ئێستاش ئەگەر ئەو سیستمە بە تەواوەتی جێگیر بکرێت، سەرجەمی ئەو ئامانجانە دەپێکێت کە دیجیتاڵ بانک هەیەتی".
 
عەبدولقادر حەمەدئەمین لەبارەی پڕۆژەی "هەژماری من" گوتی: "تائێستا زیاتر لە 400 هەزار هەژماری بانکی کراوەتەوە، ئەو پرۆژەیە سەرەتا لە چەند نەخۆشخانەیەک کاری پێکرا و دواتر فراوان بوو. پرۆژەکە وەکو سیستمی کۆربانکینگ و دیجیتاڵ بانکە و پێویستە حکومەت بیکاتە بڕیار، کە هەر کەس مووچە وەربگرێت، دەبێت هەژماری بانکیی هەبێت".
 
لە بەرامبەردا هیوا ئەفەندی، ئەو سیستمەی لە وەزارەتی دارایی و حکومەت کاری پێدەکرێت بە سیستمێک ناودەبات کە "بەرەو خانەنشینبوون دەچێت"، دەڵێت: "ئێستا لە حکومەتی هەرێمدا بڕوامان وایە نابێ حکومەت خۆی بانکی هەبێت، لەبەر ئەوەی بانکی پێشکەوتوو لە هەموو دنیا سەر بە کەرتی تایبەتە و حکومەت دەبێت تەنیا بانکی ناوەندی هەبێت و کۆنترۆڵی بانکەکان بکات، پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی بانکی، کاری حکومەت نییە".
 
مامەڵەکردنی بازاڕ بە پارەی ئەلیکترۆنی
 
راگری كۆلێژی زانست لە زانكۆی چەرموو پێیوایە دەبێت حکومەت کار بۆ بەدیجیتاڵکردنی بازاڕ بکات و لە بازاڕی کاشەوە بگۆڕدرێت بۆ دیجیتاڵی، ئەوەش بە تاکە رێگا دەزانێت بۆ بەدیجیتاڵکردنی بانکەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
د. بڕیار ئەحمەد، راگری كۆلێژی زانست لە زانكۆی چەرموو، پرۆفیسۆری ‏یاریدەدەر لە تەكنەلۆجیای زانیاری گوتی: "دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ بەدیجیتاڵکردنی پارە بکات و لەبری ئەوەی مووچە بخاتە سەر هەژماری بانکی و فەرمانبەر بچێتە بەردەم بانک و لەوێ پارەکە بە کاش وەربگرێت، سیستمێک پیادە بکات کە فەرمانبەر بتوانێت هەر لەڕێگەی هەژمارەکەی، ئەو پارەیە لە بازاڕ بەکاربهێنێتەوە".
 
وەکو ئاماژەی پێدەدات، "دەبێت کاتێک هاووڵاتی پارەی کارەبا دەدات یان سواری تاکسی دەبێت یان لە مارکێتێک پێداویستییەکانی دەکڕێت، بتوانێت لەڕێگەی هەژمارەکەیەوە پارە بدات، تەنیا بەم شێوەیە پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت".
 
راگری كۆلێژی زانست لە زانكۆی چەرموو دەشڵێت: "سیستمی بانک لە هەرێمی کوردستان دەبێ بەدیجیتاڵی بکرێت؛ باوی کارتی بانکی لە دنیادا نەماوە و پێویستە لە رێگەی مۆبایلەوە هاووڵاتییان کاروبارەکانیان بەڕێبکەن، خەڵک تاقەتی رۆتینات و نۆرەگرتنەوەی لە بانکەکاندا نەماوە و دەیانەوێ لە رێگەی چەند کلیکێک مامەڵەکانیان رایی بکەن".
 
هەژماری دیجیتاڵ بانک‏ لە عێراق
 
بەڕێوەبەری بەشی تەكنیك لە بانكی عێراقی یەكەمی ‏دیجیتاڵی (‏FIB) دەڵێت، لە وڵاتانی جیهان 100٪ـی ئەو کەسانەی هەژماری بانکیان هەیە، هەژمارەکانیان دیجیتاڵییە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو رێژەیە زۆر کەمترە.
 
ئەلەند سەیفەدین، بەڕێوەبەری بەشی تەكنیك ‏FIB گوتی: "لە عێراقدا رێژەی ئەوانەی هەژماری بانکییان کردووەتەوە و مامەڵەکردنیان بە دیجیتاڵبانکە 10٪ـی ئەوانەیە کە هەژماری بانکییان هەیە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە؛ بانکەکان بە رێگەی کۆن کارەکانیان بەڕێوەدەبەن".
 
لەبارەی کارکردنی بانکەکەیان بە سیستمی دیجیتاڵی لە عێراق، ئەلەند سەیفەدین روونیکردەوە: "لەسەر بنەمای ئابووریناسێک کە دەڵێت ئەگەر کۆمەڵگەیەک مامەڵەکردنی لە رێگەی پارەی کاشەوە بوو، هەوڵ مەدە بیکەی بە سیستمێکی نەریتی، یەکسەر بیگوازەوە بۆ نوێترین تەکنەلۆژیای بانکی، ئێمە سیستمی دیجیتاڵ بانکمان هەڵبژارد، لەبەرئەوەی تاوەکو بە شێوازی بانکی ئاشنای دەکەیت و دواتر لەگەڵ شێوازی دیجیتاڵی رایدەهێنی، زۆر کات دەبات".
 
"بەدیجیتاڵکردنی بازاڕ، کاتی پێویستە"
 
بەڕێوەبەری بەشی تەكنیك لە بانكی عێراقی یەكەمی ‏دیجیتاڵی پێیوایە "پڕۆژەی هەژماری من، کارئاسانییەکی باشە بۆ ئەوەی خەڵک رابێت مامەڵە لە بانکەوە بکات و دواتر بەرەو دیجیتاڵ بانک هەنگاو بنێت، بەڵام بۆ ئەوەی هەموو مامەڵەکان لە کوردستان بە شێوەی دیجیتاڵی بکرێن، کاتی پێویستە".
 
زیاتر روونیدەکاتەوە: "ناتوانی دووکاندارێک ناچاربکەی لە رۆژی یەکەمەوە هەژمارێکی بانکی بکاتەوە، لەبەرئەوەی یەکسەر پرسیارت لێدەکات، کێ لەڕێگەی سیستمی دیجیتاڵییەوە کاڵام لێ دەکرێت؟ بۆیە دەبێت سەرەتا ژمارەی ئەو کەسانەی مامەڵە بە دیجیتاڵبانکەوە دەکەن، بەرزبکرێتەوە و دواتر ئەو هەنگاوانە بنرێت".
 
ئەلەند سەیفەدین دەڵێت، لە بانكی عێراقی یەكەمی ‏دیجیتاڵی دەتوانی هەر لە ماڵەوە و لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی بانکەکەوە، بە پێنج خولەک هەژماری بانکی بکەیتەوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەشی تەكنیك لە بانكی عێراقی یەكەمی ‏دیجیتاڵی: "لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پرۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکی کاتێکی زۆر دەبات، ئەوەش وایکردووە خەڵکی کەمتر هەژماری بانکی بکەنەوە".
 
دووپاتیشی دەکاتەوە: "لە بانكی عێراقی یەكەمی ‏دیجیتاڵی FIB هەر لە رێگەی مۆبایلەوە بە کەمتر لە پێنج خولەک هاووڵاتییان دەتوانن هەژماری بانکی بکەنەوە و هەموو ئەو رێکارانەش جێبەجێدەکرێن، کە بانکی ناوەندی و سیستمی بانکی نێودەوڵەتی دایانناون".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

14 بەربژێری تورکمان و 7 بەربژێری کریستیان لە هەولێر رکابەرایەتی بۆ بەدەستهێنانی کورسیی کۆتاکان دەکەن

لە بازنەى پارێزگاى هەولێر 14 بەربژێرى کۆتای تورکمان بۆ یەک کورسی رکابەری دەکەن و 7 بەربژێرى کریستیانیش ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەو کورسییەى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان کوردستان لەو پارێزگایە بۆیان دیاریکراوە، بەڵام بەرەى تورکمانى لە دەرەوەى کۆتا بە لیستێکى 11 کەسی بەشدارە.