رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی سێیەم رۆژی 13یەمین فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز، لەسەر قەڵای هەولێر پێشانگەیەکی کاری دەستی بۆ زیاتر لە 20 کەس کرایەوە کە زۆرینەیان ئافرەت بوون.
لە پێشانگەکەدا چەندین کاری جیاوازی کولتووریی کوردی نمایش کرابوون، وەک جلوبەرگ، سەروبەستی ئافرەتان، ملوانەکە و بازن و فەرش لەگەڵ ئەوانەشدا چەندین خۆراکی کوردی ئامادەکرابوون، لەوانە کەلانە و دۆڵمە.
سارا سوارە، سەرپەرشتیاری پێشانگەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئامانج لە کردنەوەی ئەم پێشانگەیە ئەوەیە کە هەلی کار بۆ هاونیشتمانییان دابین بکەین کە زۆربەیان ئافرەتن، هەروەها نمایشکردنی کولتووری کوردی بۆ ئەو گەشتیارانەی سەردانی قەڵای هەولێر دەکەن.
لە یەکەم رۆژی پێشانگەکەدا، وەک سارا سوارە باسی کرد، پێشوازییەکی زۆر لە کارەکانیان کراوە، بەتایبەت لەلایەن گەشتیارانی بیانی و شارەکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق. دەشڵێت، بابەتەکانیان فرۆشی باشی هەبووە تایبەت خۆراکە کوردەوارییەکان.
ئەمساڵ فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە رۆژی 11ـی ئادار کە ساڵڕۆژی راپەڕینی خەڵکی هەولێرە، بە چەندین بڕگەی جیاواز دەستیپێکرد و تاوەکو 20ـی ئادار و هەڵکردنی مەشخەڵی نەورۆز بەردەوام دەبێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی بڕگەکانی فیستیڤاڵەکە گوتی، ''ئەمساڵ بڕگەکانی جیاوازتر دەبن لە رابردوو و هەموو بوارەکانی ژیان، کولتوور و هونەر بە هەموو لقەکانییەوە لەخۆدەگرێت.''
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: بە وەرگرتنی ئەزموون لە ساڵانی رابردوو بۆ دەوڵەمەنترکردن و باشترکردنی فیستیڤاڵەکە، لە بوارەکانی کولتوور، هونەر، ئەدەب، مێژوو، وەرزش، ژینگە و بواری دیکە چالاکی ئەنجام دەدرێن.