مەسرور بارزانی: دەبێت وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بەگشتی بکات
رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی تەنیا پێنج رۆژی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان 16 کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە دەڵێت "دەبێ وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بەگشتی و رێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و و ێگاوبانەکان بکات".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 13-3-2023) لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی پێنج ئەندامی یەک خێزان بە رووداوی هاتووچۆ، هەروەها گیانلەدەستدانی 11 کەسی دیکە لەماوەی ئەم پێنج رۆژەدا بە رووداوی هاتووچۆ، گوتی "پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم، ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم و هیوای چاکبوونەوەی خێراش، بۆ بریندارەکان دەخوازم".
سەبارەت بە زۆریی ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆ، مەسرور بارزانی دەڵێ "جێی نیگەرانی و داخێکی زۆرە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی رووداوەکانی هاتووچۆ، گیان لەدەست دەدەن. بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان و شوفێران دەکەم، پابەند بن بە رێنماییەکانی هاتووچۆ و خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن و دووربن لە تیژڕۆیی".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا سەرۆکوەزیران دەڵێ "دەبێ وەزارەتی ناوخۆ پێداچوونەوە بە سیستەمی هاتووچۆ بەگشتی و رێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و رێگاوبانەکان بکات و، رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی شۆفیری تووندتر بکەن. پێویستە هەموو رێکار و ئامادەکارییەک بکرێت بۆ سنووردانان بۆ ڕووداوەکانی هاتووچۆ و دڵنیابوون لە پابەندبوونی هەمووان بە مەرجەکانی سەلامەتی و یاساکانی هاتووچۆ".