رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێکارە فیدراڵییەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسند کرد. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەبێتە هۆی تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ پارێزگاکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-03-2023، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دا ئەو بڕیارەی داوە، بەوەش هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای ژمارەی 19ـی عێراق.
لەبارەی ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراقەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پەسەندکردنەکە زۆر گرنگە بۆ کورد و هەڵەبجەییەکان، ئیتر لەمەودوا دەبێت لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بودجەی تایبەت بۆ هەڵەبجەش بنێردرێت".
موسەننا ئەمین کە یەکێکە لە نوێنەرانی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارەکە جگە لە دابینکردنی بودجە، دەبێتە هۆکاری کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان، باشترکردنی خزمەتگوزاری و رەخساندنی هەلیکار.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بە فەرمی دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کورد. گوتیشی: "باشترین دەستکەوت ئەوەیە کە هەڵەبجە زیاتر بەهۆی ئەوەوە بە پارێزگا کراوە کە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و کیمیاباران بووەتەوە".
دوێنێ وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیان تەواو کردوووە و رەوانەی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیان کردووە.
سەرەتای ئەمساڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت: "حکومەت رژدە لە پشتبەستن بە بڕیاری مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڵەبجە وەکو پارێزگایەکی عێراق، چونکە ھەڵەبجە شیاوی زۆر شتە بۆی بکەین، لەسەرمان ئەرکە پشتیوانی بکەین و پشتیوانیی دانیشتووانەکەی بکەین. ئەوان قوربانییان دا و خوێنی زۆریان بەخشی. لە قۆناخی داھاتوودا کار لەسەر ئەو بڕیارە دەکەین."
لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رادەستی حکومەتی عێراق کرد، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکرد.
هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
شارەکە لە ئاداری 1988 لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە کیمیابارانکرا، بەهۆیەوە نزیکەی پێنج هەزار کەس شەهید بوون و دوو هێندەش بریندار بوون.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
ماوەی 20 ساڵ دەبێت هیچ پارێزگایەکی نوێ لە عێراق دروستنەکراوە، لەکاتێکدا بەراورد بە ساڵی 2003 ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە رێژەی 40٪ زیادیکردووە و لە 25 ملیۆنەوە بووەتە 42 ملیۆن کەس. دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش بە رێژەی 27٪ زیادیکردووە و لە 4 ملیۆن و 800 هەزار کەسەوە بووەتە زیاتر لە 6 ملیۆن و 400 هەزار کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ