نرخی داری رووسی و ئۆکراینی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە

14-03-2022
یوسف موسا
نرخی داری رووسی و ئۆکراینی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە
نرخی داری رووسی و ئۆکراینی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی داری ئۆکراینی و رووسی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە. لەبەرامبەردا خواست لەسەر داری توورکی زیاتر بووە، بەگوێرەی ئامارێکی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، رۆژانە نزیکەی 100 بارهەڵگر داری تورکی دەهێندرێتەوە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
بەهای هەر مەترێک چوارگۆشەی داری ئۆکراینی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە 400 دۆلارەوە بۆ 450 دۆلار بەرزبووەتەوە، داری رووسیش لە 550 دۆلارەوە بۆ 600 دۆلار بەرزبووەتەوە. میقداد جاسم، لە زاخۆ دارتاشە و بە رووداوی گوت، "داری ئۆکراینی گرانبووە و ناتوانین بیهێنین، هی رووسییش بەهۆی شەڕەوە ناگاتە ئێرە، ناچارین داری تورکی بهێنین، بەڵام ئەویش گرانبووە."
 
بەرزبوونەوەی نرخی دار بەشێک لە هاووڵاتییانی نیگەرانکردووە، بە تایبەت ئەوانەی کە دار بۆ دیزاین و جوانکاریی نێو دووکان  و ماڵەکانیان بەکاردەهێنن. محەممەد سمۆ، بازرگانێکی داری ئۆکراینییە و باس لەوە دەکات، "داری ئۆکراینیمان لە کۆگەکاندا نەماوە، پێش ئێستا لەڕێگەی توورکیاوە دەهات، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو دۆخەوە نایەت، داری رووسیش لە ئێرانەوە دەهات و بە شەمەندەفەر دەگەیشت بۆیە هەرزانتر بوو."
 
بەشێک لە بازرگانانی تورکیا لەڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل هەوڵدەدەن ئەو بۆشاییەی کە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی داری رووسی و ئۆکراینی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دروستبووە، پڕی بکەنەوە. بەگوێرەی ئامارێکی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، رۆژانە نزیکەی 100 بارهەڵگر دار لە تورکیاوە دەگاتە هەرێمی کوردستان.
 
عەبدولڕەحمان عوسمان، شۆفێری بارهەڵگرە و دەڵێت، "دار لە مێردین زۆرە، بازرگانەکان دەڵێن بیبەن بۆ عێراق، مانگانە دوو تاوەکو سێ باری دار دەگوازینەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، کارمان زۆر باش بووە."
 
حه‌سه‌ن ئاتیش، شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگرە و باسی لەوە کرد، "ئەم بارە دارەم لە دیاربەکر هێناوە، 27 تۆنە و دەیبەمە زاخۆ."
 
بەگوێرەی بەشێک لە بازرگانانی هەناردەکردنی دار، ئەو دارانەی کە لە دەرەوەی وڵات هەناردە دەکرێت، 30٪ بۆ هەرێمی کوردستان و 70٪ـیش هەناردەی عێراق دەکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە