گەنجانی خۆبەخش لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیا هاوکاری منداڵانی ئاوارە دەکەن

رووداو - هەولێر

ژمارەیەک گەنج لە شاری هەولێر لەڕێگەی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا کۆمەک و هاوکاری بۆ منداڵاکانی کەمپی حەسەن شام کۆدەکەنەوە. هاوکارییەکانیش بە هاوکاری لەگەڵ شاجوانی کوردستان دەگەیێننە کەمپەکە.

میرخان بێستوون، خاوەنی لاپەڕەیەکی هونەرییە لە ئینستاگرام و فۆڵۆوەری زۆری هەن. لاپەڕەکەی خۆی بەکارهێناوە و لەڕرێگەیەوە هاوکاری بۆ 200 تاوەکو 300 منداڵی کەمپی حەسەن شام کۆکردووەتەوە.

ژالیا سیروان، شاجوانی کوردستان هاوکاری پرۆژەکەیە. ئەو دڵخۆشە بەوەی توانیویەتی دڵی بەشێک لە منداڵەکان خۆشبکات، بەڵام نیگەرانە لەوەی کە نەیانتوانیوە هاوکارییەکە بەشی هەموو منداڵانی کەمپەکە بکات.

ئەوانەی دیاری و هاوکارییەکەیان وەردەگرت دڵخۆش دەبوون، هەندێ منداڵیش بەبێ ئەوەی بزانن دیارییەکان چین فرمێسک بەچاویان دەهاتە خوارەوە، بەشێک لە منداڵەکانیش لە پشتی سیمەکانەوە تەنیا دیارییەکانیان دەبینی.

داڕشتنەوە: حەکیم داود