جەمیل بایک دەڵێت، ئۆجەلان نامەی بۆ ناردوون

13-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، نامەیەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 25 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکەیان بەدەست گەیشتووە و دەشڵێت: "پێویستە هەلومەرجی زیندانیکردنی ئۆجەلان بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی پەیامی خۆی بڵاوبکاتەوە." 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی شوباتی 2025، جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە هەڤپەینێکی لەگەڵ میدیای سەر بە پەکەکە، باسی لە گەیشتنی نامەیەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و رایگەیاند، نامەکەیان بەدەست گەیشتووە. 
 
هەرچەندە جەمیل بایک، باسی لە ناوەڕۆکی نامەکە نەکرد، بەڵام باسی لەوە کرد کە پەیوەندی بە پرۆسەی ئاشتییەوە هەیە. جەختی لەوەش کردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەردەوام بێت پێویستە هەلومەرجی زیندانیکردنی ئۆجەلان لە گۆشەگیرییەوە بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی پەیامی خۆی بڵاوبکاتەوە. هەروەها داوای ئازادکردنی ئۆجەلانیش دەکات. 
 
راشیگەیاند، ئەم جارە ئۆجەلان بە رێگەچارەی دیموکراسییانەی کێشەی کورد، دەیەوێت ئامانجی زۆر گەورە بپێکێت. مەبەستیەتی هەڵمەتەکەی تۆکمەتر بکات بۆ ئەوەی لە زەمینەی ئەمنی و سەربازییەوە بۆ زەمینەی دیموکراسی بگۆڕێت. داواش دەکات هەموویان خاوەندارێتی هەڵمەتەکەی ئۆجەلان بکەن. 
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی یەکی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
 
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
 
شاندی دەم پارتی کە لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان پێکهاتبوون، لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 بە نوێنەرایەتیی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە. 
 
دوای یەکەم کۆبوونەوە، شاندەکەی دەم پارتی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گەیاندە لایەنە سیاسییەکان و بۆچوونی ئەوانیشی وەرگرت. لە دیداری دووەمیشدا، بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانیان گەیاندە ئۆجەلان.
 
دەم پارتی رۆژی 10ـی مانگ رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 16ـی شوبات شاندی ئیمراڵی دێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەم پارتی، لە سەردانەکەیاندا، شاندەکە رۆژی 16ی شوبات هەریەک لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبینن.
 
رۆژی دواتر و لە 17ی شوبات، شاندەکە دەچێتە سلێمانی و هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینن.
 
دەم پارتی دەڵێت، شاندەکە لە سێ کەس پێکدێن کە بریتین لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) لە تورکیا.
 
دوابەدوای ئەو پەیوەندیانە، شاندەکە بۆ پێدانی زانیاری کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتی سەردانەکە روون نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک مەسعود بارزانی لە رۆژی نزای نیشتمانی

سەرۆک بارزانی: جەوهەری دین، ئەخلاقە

سەرۆک بارزانی لە 'رۆژی نزای نیشتمانی' گوتارێکی پێشکێش کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "جەوهەری دین، ئەخلاقە." ئەوەیشی خستەڕوو، "یەکدی قبووڵکردن بەشێکی سەرەکیی بیروباوەڕی ئێمەیە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئایەتی خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا."