کوردستان

ئەنەکەسە دەڵێت، دوورخستنەوەی نوێنەرایەتی کورد لە لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا، کەموکوڕی دروست دەکات.
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا- ئەنەکەسە لەسەر بەشداری پێنەکردنی کورد لە لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەڵێت، دوورخستنەوەی نوێنەرایەتی کورد لەو لیژنەیەدا کەموکوڕی لە بنەمای هاوبەشی دروست دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا- ئەنەکەسە، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئێمە وەک ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، پێمان وایە کە پێکهێنانی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی کە لە 11ـی شوباتدا راگەیێندرا، دەکرا کە رەنگدانەوەی راستیی چەندێتیی سیاسی و نەتەوەیی بێت لە وڵاتدا، هەروەها نوێنەرایەتی راستەقینەی سەرجەم پێکهاتەکانی نیشتمان لەخۆبگرێت، بە سەرنجدان لە گرنگیی ئەم پرسە لە سەرکەوتنی هەر پڕۆسەیەکی دیالۆگ کە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری راستەقینە بۆ کێشەکانی سوریا بدات."
ئەنجوومەنەکە ئاماژە بەوە دەکات، "دوورخستنەوەی نوێنەرایەتی کورد لەو لیژنەیەدا کەموکوڕی لەو بنەمایەدا دروست دەکات، هەروەها نیگەرانی رەوا لەبارەی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی سووریا دەوروژێنێت؛ وەکو هاوبەشی راستەقینە لە نووسینەوەی داهاتووی وڵاتدا."
ئەنەکەسە داوا دەکات، لە رێگەی دووبارە چاوخشاندنەوە بە پێکهاتەی لیژنەکەدا ئەو کەموکوڕییە چاکبکرێتەوە. هەروەها، "بەشداریی دادپەروەرانە و کارای گەلی کورد و سەرجەم لایەنەکانی دیکە مسۆگەر بکرێت. سەرجەم ئەو لیژنانەی دیکەش کە راگەیێندراون، بەشدارن لە بنیاتنانی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی گشتگیر لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی هاوسەنگ و پابەندبوون بە هاوبەشی نیشتمانی."
دوێنێ چوارشەممە، لیژنەیەکى حەوت کەسی بۆ ئامادەکاریى کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانى سووریا پێکهێندرا، بەڵام هیچ کوردێک لە لێژنەکەدا نییە.
هەر ئەمڕۆ، حەسەن دغێم، گوتەبێژی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "تاوەکو ئەوکاتەی هەسەدە چەکیان هەڵگرتبێت لە چوارچێوەی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا نابن."
ئەو لیژنەیە لە 11ـی شوباتى 2025 بە بڕیارى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر پێکهێنراوە، کە 7 ئەندامن؛ رۆژی چوارشەممە 12ـی شوبات، بە فەرمى بڕیارەکە بڵاوکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ