دوای بەدواداچوونێکی رووداو، وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێکی لەبارەی ماتۆڕسکیلەکان دەرکرد

13-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چەندین بڕیاری لەبارەی ماتۆڕسکیلەکان دەرکرد و دەڵێت، پێویستە ماتۆڕسوارانی گەیاندنی خواردن، ماتۆڕەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر تۆمار بکەن و مۆڵەتی ماتۆڕسواری دەربهێنن. کۆمپانیاکانی دلیڤەریش ئاگاداردەکاتەوە، پێویستە بەرپرسیارێتی ئەو ماتۆڕسوارانە هەڵبگرن كە خواردن بۆ هاووڵاتییان دەگوازنەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی لەبارەی کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردن و کارکردنی ماتۆڕسوارەکان دەرکرد.
 
لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، ئەو ماتۆڕانەی لە ماوەی رابردوو بێ تابلۆ و تۆمارکردن لەلای كۆمپانیاكانی دلیڤەری کاریان کردووە و سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆیان کردووە و سزای داراییان هاتووەتە سەر، بە ناسینەوەی لۆگۆی تایبەت بە کۆمپانیاکان، بەرپرسیارێتیی کەمتەرخەمی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکان.
 
بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ دوای بەدواداچوون و هەواڵی تۆڕی میدیایی رووداو هات لەسەر ئەو حاڵەتە.
 
رووداو لە بەدواداچوونەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی، نەبەستنی کەلوپەلی سەلامەتی و خۆپاراستن لەلایەن ماتۆڕسوارەکان، جێبەجێنەکردنی یاسا و رێنوێنییەکانی هاتووچۆ، دەنگی زۆر و بە قاچاخ هاوردەکردنیان نیشانە سەرەکییەکانی کێشەی ماتۆڕسکیلەکانن لە هەرێمی کوردستان. 
 
بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ماتۆڕسکیلەکان ئەمانەن:
 
یەكەم: پێویستە ماتۆڕسوارانی گەیاندنی خواردن، ماتۆڕەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر تۆمار بکەن و مۆڵەتی ماتۆڕسواری دەربهێنن، هاوکات هەر ماتۆڕسوارێک مەرجی سەلامەتی نەبێت، نابێت کۆمپانیا دەرفەتی کاری پێبدات، بە پێچەوانەوە کۆمپانیا بەرپرسیار دەبێت، سەرپێچی سزا داراییەکانی ماتۆڕی نەناسراویش دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا.
 
دووەم: ئەو ماتۆڕانەی لە ماوەی رابردوو بێ تابلۆ و تۆمارکردن لەلای كۆمپانیاكانی دلیڤەری کاریان کردووە و سەرپێچی یاساکانی هاتووچۆیان کردووە و سزای داراییان هاتووەتە سەر، بە ناسینەوەی لۆگۆی تایبەت بە کۆمپانیاکان، بەرپرسیارێتی کەمتەرخەمی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکان. دەكرێت كۆمپانیاكان بەشێوەی قیست سزای دارایی سەرپێچییەكانی ماتۆڕسوارەكانیان بدەن لەماوەیەک كە درێژتر نەبێت لە 31- 12- 2025، سوودمەندیش دەبن لە بڕیاری رێژەی داشكاندنی پێبژاردنەكان كە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ دەرچووە، بە پێچەوانەوە لە دوای ئەو رێکكەوتە واتە لە ساڵی نوێی 2026، کۆمپانیاتان رووبەڕووی لێپرسینەوە یاسایی و راگرتنی کارەکان دەکرێت.
 
سێیەم: كۆمپانیاكانتان پێویستە پابەندبن بە رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و پێشینەیی بدرێت بە هاووڵاتییان بە گوێرەی بڕیار 172ـی ئەنجوومەنی وەزیران، هەر بیانییەك لەلاتان كاری گەیاندنی خواردن بكات پێویستە کارتی نشینگەی (بەسەرنەچوو) هەرێمی كوردستان هەبێت و مۆڵەتی ماتۆڕسواری هەبێت، هەروەها پێویستە ئەوانەی خواردن دەگوزانەوە بۆ ماڵان لە لایەنی ئەمنی و پاشخانی تاوان بەڵگەنامەی بێتاوانی پێشكەشتان بكەن و لەناو دۆسیەیان پارێزراو بێت، بەپێچەوانەوە كۆمپانیا بەرپرسیارێتیی یاسایی هەڵدەگرێت.
 
چوارەم: بۆ رەچاوكردنی میزاجی گشتیی هاووڵاتییان و پارێزگاری كردن لە ژینگە، پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ گەیاندنی خواردنی دلیڤەری بۆ گەڕەكەكانی ناوشار، ماتۆڕی كارەبایی و بێ دەنگ بەكاربهێندرێت و بە گشتیش ماتۆڕەكان پێویستە لە رووی دەنگەوە بێزاركەر نەبێ.
 
پێنجەم: بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان، پێویستە ماتۆڕسكیلەكان پابەندبن بە لەسەركردنی كڵاو و پۆشینی جلوبەرگی تایبەت، لەبەر بارودۆخی ئەمنی، هەر كۆمپانیایەک پێویستە جلوبەرگی تایبەت بەخۆی هەبێت و تەنیا ئەو ماتۆڕسكیلانەی كار لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە دەكەن، دەستیان بگاتە كڕینی ئەو جلوبەرگە و باجی تایبەت بەخۆیان لە یەخەیان بدەن كە ناوی سیانی و كۆدی كاركردنی كۆمپانیای تیا نووسرابێت، هەروەها دەبێت ماتۆڕسكیلەکان پابەندی یاسا و رێساكانی لێخوڕینی سەلامەتی و رێگەوبان بن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی

نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی

شەوی رابردوو لە هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە، لە دیدارەکەیان جەختیان لە "پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريا دا" کردەوە.