کوردستان

محەممەد حەنیف، یەکێک لە دوو پیاوە بەساڵاچووەکەی کورد لە عەفرین کە هێرشی کراوەتە سەر و دزی لێکراوە.
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین دەڵێت، لەماوەی دوو رۆژدا دووجار لەلایەن کۆمەڵە دزێکی چەکدارەوە هێرش کراوەتە سەر دوو پیاوی بەساڵاچووی کورد، چەکدارەکان لێیانداون و پارەکانیشیان دزیون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین رایگەیاند، "شەوی رابردوو لەلایەن کۆمەڵە دزێکی چەکدارەوە، دەستدرێژی کراوەتە سەر پیاوێکی بەساڵاچووی کورد بەناوی محەممەد حەنیف و لێیدراوە، لە گوندی عیندارە لە دەوروبەری عەفرینی داگیرکراو. لەگەڵ ئەوەشدا ماڵەکەیان تاڵانکردووە."
بەگوێرەی رێکخراوەکە، "دزە چەکدارەکان لە پیرەمێردەکەیان داوە و دەست و دەموچاویان بریندارکردووە، 300 دۆلاری ئەمریکیشیان بردووە، دوای ئەوەش ماڵەکەیان بەسەریەکدا داوە و ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەی دروستکردووە."
رێکخراوەکە دەشڵێت، "هەر ئەمڕۆ، چەکدارانی فیرقەی سوڵتان شا/ عەمشات، لە گەڕەکی شکاکا لە شێخ حەدیدی عەفرینی داگیرکراو، بڕی 500 دۆلار سەرانەیان لە پیاوێکی دیکەی بەساڵاچووی کورد بە ناوی موراد عەلووش وەرگرتووە."
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین ئاماژە بەوە دەکات، "رۆژانە هاووڵاتییانی عەفرین و دەوروبەری رووبەڕووی حاڵەتی دزی لێکردن و چەوساندنەوە دەبنەوە. هۆکاری زیادبوونی ئەو رووداوانەش بۆ نەبوونی دادپەروەری و لێپرسینەوەی دز و تاوانباران دەگەڕێتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیای داگیرکەر و چەکدارانی سەر بەو وڵاتە."
لەبارەی بڕینەوەی دارەکانەوە رێکخراوەکە رایگەیاندووە، "چەکدارانی سەر بە تورکیا رۆژانە خەریکی بڕینەوەی دارەکانی عەفرینن، بەجۆرێک رۆژانە زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، کە داری بڕاوی سنەوبەر و بەلووتی چیای قازقلیان هەڵگرتووە، بە بەرچاوی پۆلیسەکانی شاری جەندێرس دێن و دەڕۆن."
لە مانگی 10ـی ساڵی 2018، دوای ئەوەی سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی نزیکی هێرشیان کردە سەر هەرێمی عەفرین، (ئەوکات لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بوو)، دوای شەڕێکی دوو مانگە و لە 18ی ئازاری 2018دا داگیریان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ