زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی دووەمی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لەگەڵ دەمیرتاش

13-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی سەردانی هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی کرد، لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنەی تورکیا. دیدارەکە تایبەت بوو بە دوایین پێشهاتەکانی پرسی ئاشتی.
 
ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی شوباتی 2025، پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری وانی دەم پارتی کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمرالیی پارتەکەیە بۆ پرسی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد، سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنەی کرد، لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و سەلجوق مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەد کۆبووەوە. 
 
ئامانجی کۆبوونەوەکەی پەروین بوڵدان لەگەڵ دەمیرتاش و مزراکلی، بۆ باسکردنی دوایین پێشهاتەکان بووە دوای دوو جار سەردانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 25 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە و کۆبوونەوە و دیدارەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی شاندەکە بۆ هەرێمی کوردستان. 
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، راوبۆچوونی سەلاحەدین دەمیرتاش لەبارەی دوایین پێشهاتەکان وەرگیراوە و گفتوگۆی تێروتەسەل بۆ قۆناخەکانی دواتر کراوە. دەمیرتاش، پشتیوانی تەواوی لە سەرجەم قۆناخ و هەنگاوەکان راگەیاندووە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی. 
 
رۆژی 12ـی مانگ، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی بە کارنامەی 'پەیامی مێژوویی' کۆبووەوە کە چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان رابگەیێندرێت.
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک لەلایەن حکومەتەوە نەدراوەتەوە سەبارەت بەوەی ئۆجەلان لەکوێ و لە چ مەرجێکدا ئەو پەیامە دەدات.
 
تولای هاتیمۆغوڵڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی 11ـی مانگ، دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا گوتی، "رەنگە تا 15ـی شوبات بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئامادە نەبێت".
 
ئاماژەی بەوەدا، "شاندەکەمان لە هەرێمی کوردستان سەردانی جۆراوجۆر دەکات. ئەنجامەکانیش لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دەگەیێننە ئۆجەلان. شیمانە دەکەین بانگەوازێکی مێژوویی لەم شێوەیە دەتوانێت لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت".
 
دەم پارتی رۆژی 10ـی مانگ رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 16ـی شوبات شاندی ئیمراڵی دێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەم پارتی، لە سەردانەکەیاندا، شاندەکە رۆژی 16ی شوبات هەریەک لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبینن.
 
رۆژی دواتر و لە 17ی شوبات، شاندەکە دەچێتە سلێمانی و هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینن.
 
دەم پارتی دەڵێت، شاندەکە لە سێ کەس پێکدێن کە بریتین لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) لە تورکیا.
 
دوابەدوای ئەو پەیوەندییانە، شاندەکە بۆ پێدانی زانیاری کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتی سەردانەکە روون نییە. 
 
دوای گەڕانەوەیان لە هەرێمی کوردستان، شاندەکەی ئیمراڵی لەگەڵ تونجەر باکرهان و تولای هاتیمۆغوڵڵاری هاوسەرۆکانی دەم پارتی بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنن و بڕیار دەدەن کە ئایا لێدوان دەدەن یان نا.
 
کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی دەم پارتی لە 17ـی شوبات بەڕێوەدەچێت. کارنامەی کۆبوونەوەکە بە پێشنیازی هاوسەرۆکانی پارتەکە دیاری دەکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو دیمەنی لافاوەکەی چەمچەماڵ

پارێزگای هەولێر: هەر کەسێک بێ مۆڵەت کەمپەین بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بکات سزا دەدرێت

پارێزگای هەولێر رێوشوێنی بۆ رێکخستنی کەمپینەکانی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و گەرمیان دەرکرد و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک لەسەر شەقامەکان بە ناوی کۆمەکەوە رێگە لە هاتووچۆ بگرێت، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.