شۆفێرى دوو وەزیرى داعش لە کەرکووک دەستگیرکرا

هێزی ئەمنیی عێراق.
رووداو دیجیتاڵ
 
هەواڵگریى سەربازى سەر بە وەزارەتى بەرگریى عێراق کەسێکى لە کەرکووک دەستگیرکردووە گوایە شۆفێرى هەردوو وەزیرى پێشووی پەروەردە و کشتوکاڵى رێکخراوى داعش بووە.
 
دەستگیرکردنى ئەو کەسە بەگوێرەى راگەیێندراوێکى بەڕێوەبەرایەتیى هەواڵگریى سەربازی سەر بە وەزارەتى بەرگریی عێراقە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ى شوباتى 2025 بڵاویکردەوە.
 
ئەو کەسە لە ناوچەى سەیادەى سنوورى پارێزگاى کەرکووک دەستگیر کراوە کە گوایە لە دوو ماوەى جیاوازدا شۆفێرى وەزیرانى پەروەردە و کشتوکاڵى رێکخراوى داعش بووە.
 
داعش لە 2014 بە گرتنى شارى موسڵ، دەستگرتنى بەسەر سێیەکى خاکى عێراق دەستپێکرد، بەرلەوەى لە 2017 کۆتایی بە دەسەڵاتەکەى لە تەواوى ئەو ناوچانە بهێنرێت، بۆ بەڕێوەبردنى ناوچەکانى ژێر دەستى، ئەو رێکخراوە چەند کەسێکى بە ناوى وەزیر دیاریکردبوو بۆ سەرپەرشتیکردنى چەند کەرتێک. 
 
بەگوێرەى بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریى سەربازى، ئەو کەسە جگە لە شۆفێرى دوو وەزیرەکەى داعش، بەرپرسیارێتى لە دیوانى جوندى رێکخراوەکە هەبووە و لە بازگەکانى ویلایەتى کەرکووکى داعش کارى کردووە و بەگوێرەى مادەى چوارى یاساى بنەبڕکردنى تیرۆر داواکراو بووە، کە سزاکەى لە نێوان بەندکردنى تاهەتایی و لەسێدارەدانە.