رووداو دیجیتاڵ
كۆنسووڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، قەبارەی وەبەرهێنانی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان دوو ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. دەشڵێت، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ژیریی دەستکرد دادەمەزرێنێت و بە هاوکاریی ئەوانیش لە هەرێمی کوردستان زیاتر گەشە بە ژیریی دەستکرد دەدرێت.
ئهحمهد زاهیری، كۆنسووڵی گشتیی ئیمارات له هەرێمی کوردستان لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 10ـی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەبوونێکی بەرزیان لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی هەیە.
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و یاوەریی قوباد تاڵەبانی، رۆژی 10-2-2025 بەرەو دەوڵەتی ئیمارات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکاتە رایگەیاند "لە پەراوێزی لووتکەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک، سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان ئەنجام دەدات."
لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان رۆژی 11ـی ئەم مانگە، لە شاری دووبەی لە ئیمارات بە بەشداریی زیاتر لە 30 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیرانی حکومەتەکان دەستیپێکرد و ئەمڕۆ کۆتایی دێت.
كۆنسووڵی گشتیی ئیمارات رایگەیاند، ئەو یاداشتنامەیەی دوێنێ لە نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، تەواوکەری رێککەوتننامەکانی پێشووە.
یاداشتەکە (دوێنێ چوارشەممە، 12-2-2025)، لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی بەسەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد قرقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات و سەرۆکی لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان واژۆکرا. یادداشتەکە نوێکردنەوەی یاداشتێکی پێشترە لەنێوان هەردوولا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "یاداشتەکە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری لەبواری دەوڵەتداری، سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئیمارات لەڕووی پێشخستنی کاروبارەکانی حکومەت و پەرەپێدانی توانای مرۆیی و دامودەزگەکانی حکومەت."
كۆنسووڵی گشتیی ئیمارات دەڵێت یاداشتنامەکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکانە. نێوەڕۆکەکەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI)ـە، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو لە رێگەی بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد. خوازیارن لە ساڵانی داهاتوو ئەنجامی رێککەوتننەکە ببینین.
ئهحمهد زاهیری دڵنیاییە لە رێگەی پەیوەندی بەهێزی نێوان ئیمارات و سەرکردایەتییەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان، ژیریی دەستکرد زیاتر گەشەی پێدەدرێت و لەنێوان هەردوولا کۆمپانیای نوێ دادەمەزرێت.
كۆنسووڵی گشتیی ئیمارات گوتی، بیرۆکەیەک لای سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، کە ناوچەیەکی ژیریی دەستکرد دابمەزرێنن، بۆ میوانداریکردنی کۆمپانیاکان و بەهرەمەندانی جیهان، تاوەکو بێنە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەهێزکردنی ئەم دەرفەتانە و پەرەپێدانی سیستمی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە هەرێمی کوردستاندا.
کۆنسووڵی گشتیی ئیمارات لەگەڵ ئەوەی ئاماری وردی لانەبوو لەبارەی ژمارەی کۆمپانیا ئیماراتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەڵام گوتی: "قەبارەی وەبەرهێنان لە نێوان دەوڵەتی ئیمارات و هەرێمی کوردستان لە دوو ملیار دۆلار تێپەڕیوە".
ئەحمەد زاهیری گوتیشی، هەوڵێکی گەورە هەیە لەلایەن پیاوانی کاری ئیماراتەوە کۆمپانیای نوێ دابمەزرێنن. ژمارەیەک پڕۆژەی نموونەییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، نموونەیی بەو مانایەی کە دەبێتە هۆی راکێشانی وەبەرهێنان لە قۆناخی داهاتوو لە چەندین کەرت دا.
بەگوتەی کونسوڵی گشتیی ئیمارات، بە پشتگیری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو وەزیرەکان، وەبەرهێنانیان کردووە لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، ژێرخان، پڕۆژە بازرگانی و نیشتەجێبوون.
سەبارەت بە راگرتنی پێدانی ڤیزا بە کەسانی سینگڵ لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆنسووڵی ئیمارات گوتی، "نەخێر هیچ بڕیارێک لەم بارەیەوە نییە، ڤیزا کراوەیە و بەردەستە بۆ هەموو کەس، بەخێرهاتنی برایانی خۆشەویست لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ دەوڵەتی ئیمارات لە هەر کاتێکدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ