کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: هەفتەی داهاتوو مامەڵەی کارتی نیشتمانی لەنێو کەمپەکاندا دەستپێدەکات

13-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کەمتر لە دوو مانگە نووسینگەی کاروباری دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە کەمپەکان کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی فەرمانبەرەوە تاوەکو ئێستا پرۆسەکە دەستیپێنەکردووە. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت، "یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بە راییکردنی مامەڵەی کارتی نیشتمانی لە کەمپەکان دەکرێت."
 
رۆژی 16-12-2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، کردنەوەی نووسینگەیەکی بۆ جێبەجێکردنی کاروباری دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ئاوارەکان لە کەمپی شاریا راگەیاند، بڕیاربوو ئەوکات دەست بە مامەڵەکان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پڕۆسەکە دەستیپێنەکردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیاربوو زووتر پڕۆسەکە دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی فەرمانبەران مامەڵەکان دواکەوت، ئێستا کێشەکە چارەسەرکراوە، رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بە مامەڵەی کارتی نیشتمانی کەمپەکان."
 
زیاتر لە 20 هەزار ئاوارە لە کەمپەکان هەن. بە گوتەی پیردەیان جەعفەر، "تاوەکو پاڵەپەستۆ دروست نەبێت، لە بەیانیان تاوەکو کاژێر 02:00ی نیوەڕۆ مامەڵەی خەڵکی دهۆک بەڕێدەکرێت، لە دوای کاژێر 02:00 دەست دەکرێت بە مامەڵەی ئاوارەکان کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە بۆ ئەمەش پێویستە فەرمانبەری ئێواران دابندرێت و ئەمەش پرۆسەکەی دواخستبوو."
 
بڕیارە رۆژانە بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی دهۆک، 100 کارتی نیشتمانی دەربهێندرێت. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک ئاماژەی بەوەدا، "تاوەکو ئێستا لە کەمپی شاریا 100 فۆرم و لە قادیەش 100 فۆرم دراوە."
 
لە ساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال، زیاتر لە 360 هەزار کەس بەو هۆیەوە ئاوارە بوون، بەشێک لەوان چوونە دەرەوەی وڵات و بەشێکی دیکەشیان گەڕانەوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، هێشتا 200 هەزار دانیشتووی شنگال لە ئاوارەییدا دەژین.
 
ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک لە 14 کەمپ و شوێن نیشتەجێکراون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان لە سنووری پارێزگاکە دەژین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە