کشتوکاڵی دهۆک: ئەم ساڵ گەنم بۆ نیوە کەمدەبێتەوە

13-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پێشبینی دەکرێت درەنگکەوتنی بارانبارینی پێویست کاریگەری لەسەر گەنم هەبێت. کشتوکاڵی دهۆکیش دەڵێت، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 40٪ـی ئەو گەنمەی چێندراوە زیانی پێگەیشتووە و شین نەبووە."
 
بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تائێستا جگە لە سلێمانی، لە سێ پارێزگاکەی دیکە، ئاستی باران بڕەکەی کەمترە بەراورد بارانبارینی ساڵی رابردوو. کە ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دابەزینی ئاستی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ دەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025، موحسین حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە زۆربەی ناوچەکانی دهۆک بارانی پێویست نەباریوە، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ دەبێت."
 
ئەم ساڵ بارینی باران بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، "70٪  تاوەکو 90٪ کەمتر بووە". جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتی: "بەتایبەتی لە سێمێل و باتێل باران زۆر کەم باریوە، ئەگەر هەموو بەرهەمی گەنم لەناونەچێت ئەوا بەرهەمەکەی نیوەی پار دەبێت و بەڕێژەیەکی بەرچاوە کەم دەکات."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 40٪ـی گەنمی دهۆک زیانی بەرکەوتووە و شین نەبووە، ئەوانەی کە شین بوون زیاتر ئەو گەنمە بوون کە بۆ چاندنیان پشت بە سیستمی ئاودێری دەبەستن نەک باران بارین، لە سەرانسەری پارێزگای دهۆکدا 643 هەزار دۆنم زەوی پشت بە ئاوی باران دەبەستێت بۆ کشتوکاڵ، بەڵام ئەگەر هەیە ئەم ساڵ بەشێک لەو رووبەرە 100٪ بەرهەمی لەنێو بچێت."
 
لە پارێزگای دهۆک ساڵی پار 500 هەزار تۆن گەنم بەرهەم هاتبوو. جێگری بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، "ئەم ساڵ کەم دەبێتەوە بۆ نیوەی پار."
 
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی بەدەستی رووداو گەیشتوون، تاوەکو ئێستا لە هەولێر 72.2 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە 202 ملیمەتر باران باریبوو؛ لە سلێمانی 209 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 210 ملیمەتر باریبوو؛ لە دهۆک 37.6 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 377.4 ملیمەتر باران باریبوو؛ لە هەڵەبجەش تاوەکو ئێستا 255.1 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 334.4 ملیمەتر باریبوو.
 
ساڵی رابردوو بڕی پێویست بۆ بەرهەمی دانەوێڵە باران باری و بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک تۆنی تێپەڕاند و لەو بڕە حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
 
ساڵی 2023 حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ هەرچی ساڵی ساڵی 2022ـە بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند ئامێرێکی ئەی تی ئێم. وێنە: رووداو

کارەکانی پڕۆژەی 'هەژماری من' بەمنزیکانە لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

پڕۆژەی 'هەژماری من' وەرگرتنی مووچەی ئاسان کردووە و 750 هەزار کەس تۆمار کراون. خەڵک بەگشتی پێیان باشە، بەڵام داوای گەرەنتی دەکەن، کارەکانی پڕۆژەکەش لە سلێمانی بڕیارە بەمزووانە دەستپێبکاتەوە