رووداو دیجیتاڵ
تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق رایگەیاند لە حەویجە گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە، کە رووفاتی 17 پێشمەرگەی تێدایە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فەرمانگەی دادپزیشکی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، ئەنجامی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی پێشمەرگەی لە حەویجە راگەیاند.
یاسەمین مونزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، رایگەیاند هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ کۆکردنەوەی نموونە لە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە لە ناوچەی حەویجە، کە لە هەولێر دوو رۆژی خایاند. گوتیشی "هەفتەی داهاتووش هەڵمەتەکە تەواو دەبێت، کە هەموو خێزانەکان لە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە."
سەبارەت بە ژمارەی قوربانییان لە گۆڕەکەی حەویجە، یاسەمین مونزر گوتی "17 رووفاتن".
جەختیشی کردەوە لەوەی هەڵمەتی دیکە لە داهاتوودا رێکدەخرێن، کاتێک گۆڕی نوێ هەڵدەدرێنەوە، کە رووفاتی شەهیدانی پێشمەرگەیان تێدایە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پێشمەرگە، 62 پێشمەرگەی دیلی دەستی داعش هەن، هێشتا چارەنووسیان نادیارە،
دەقی قسەکانی یاسەمین مونزر، بەڕێوەبەری بەشی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق:
سەبارەت بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی نموونەی خوێن لە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە لە ناوچەی حەویجە، هەفتەی رابردوو هەڵمەتێکی دوو رۆژەیان دەستپێکرد لە دادپزیشکی هەولێر. بەشێکی خێزانەکان ئامادە بوون، نموونەی خوێن و زانیارییەکانیان لێ وەرگیراوە، پشت بەخوا هەفتەی داهاتوو هەڵمەتەکە تەواودەکەین بۆ وەرگرتنی نموونەی خوێن لە هەموو خێزانەکان لە پارێزگای هەولێر. ئەوەی ئێستا هەیە ئەو گۆڕە دۆزراوەتەوە رووفاتی 17 پێشمەرگەی تێدایە، ئەمانە شەهیدانی پێشمەرگەن. هەڵمەتی وەرگرتنی نموونەی خوێن دەکەین، بەگوێرەی ئەو ناوچانەی کەسوکاری خێزانە پێشمەرگە شەهیدانەکانی لێیە. لە هەر ناوچەیەک بن تیمەکانمان پشت بەخودا دەچنە ئەوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ