لە 9 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر دەبارێت

13-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بەهێزی سەرما و سۆڵە و بەفربارین، نۆ پارێزگای باکووری کوردستان گرتەوە، بەهۆی سەرماوە تاوەکو کۆتایی هەفتە لە قوتابخانەکانی حەوت پارێزگای باکووری کوردستان پشووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینییەکانی رۆژی پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025 بۆ پارێزگاکانی باکووری کوردستان بڵاوکردەوە. بە گوێرەی پێشبینییەکان بەفرێکی زۆر لە مەڵەتێ، خارپێت، ئەرزینگان، دێرسم، چەولیگ، مووش، سێواز، مەڕەش، سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەد دەبارێت. 
 
پلەی گەرما لەم نۆ پارێزگایە لەنێوان 8-5 پلەی ژێر سفری سەدی دەبێت.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات، بەفربارین لەم نۆ پارێزگایەی باکووری کوردستان تاوەکو شەوی هەینی بەردەوام بێت. دەشڵێت، پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت و "رێگەکان دەیبەستێت و "مەترسیی هاتووچۆکردن دروست دەبێت. کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان دەبێت."
 
بەهۆی شەپۆلی بەفربارینەکەوە لە سەرتاسەری پارێزگاکانی مەڵەتێ، خارپێت چەولیگ و سێواز، هەروەها لە چەند شارۆچکەیەکی پارێزگاکانی ئامەد، مەڕەش و ئەرزینگان ـی باکووری کوردستان پشووی خوێندن تاوەکو کۆتایی هەفتە راگەیێندرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە