یەکێتی هەوڵ دەدات هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت

13-02-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
هۆڵێک کە تەرخانکراوە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. وێنە: هەردی محەممەد - رووداو
هۆڵێک کە تەرخانکراوە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. وێنە: هەردی محەممەد - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتی لە هەوڵدایە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت، دوای ئەوەی لەکاتی دیاریکراو بۆ یەکەم کۆبوونەوە نیساب تەواو نەکرا.
 
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، کورد ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە و چاوەڕێن پێکهاتەکانی دیکەش هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و هێندە خەڵک لە چاوەڕوانیدا نەهێڵنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش "هەوڵێکی جدیمان" داوە.
 
رووداو زانیویەتی لە کۆبوونەوەی بەغدای نێوان عەرەب و تورکمان، سەرکردایەتیی سوننە لە عێراق پێداگرییان لەسەر مانەوەی راکان جبووری کردووە، بەڵام لەنێو فراکسیۆنی عەرەبی دەنگی ناڕەزایی لە دژی بەربژێرکردنی راکان جبووری بەرزبووەتەوە.
 
سێ ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی هۆشدارییان داوە لە ئەگەری چەقبەستوویی پرۆسەکە، ئەوان بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن. نوێنەرانی عەرەبی هێشتا پێداگرن لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگار هەر لەوان بێت، بەڵام باسی بەربژێر ناکەن.
 
رەعد ساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "دەرچووین بە روئیایەکی هاوبەشەوە بەوەی پۆستی پارێزگار لە کوتلەی عەرەبی و تورکمانی بێت، لە راستیدا دیمەنەکە لە کەرکووک هێندە ئاسان نییە، چەندین پێکهاتە هەن، چەندین حیزب هەن، نامانەوێت سەرکێشی بکەین بەوەی هیچ پێکهاتەیەک یان حیزبێک لە دەرەوەی هاوکێشەکە بێت، چونکە دواجار زیان بە کەرکووک دەگات، زیان لە داهاتووی ئاوەدانکردنەوە دەدات، تائێستا گفتوگۆ بەردەوامە لەگەڵ هەمووان."
 
تورکمان بەڕوونی پڕۆژەی خۆیان خستووەتەڕوو کە پارێزگار و پۆستەکانی دیکە بە شێوەی دەوری لەنێوان پێکهاتەکان بۆ ماوەی چوار ساڵ ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت.
 
ماردین کۆک قایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت، "کورد پۆستی پارێزگای لابووە و ئێستا پۆستەکە لە پێکهاتەی عەرەبە بە تەنیا، بەڵام بۆ داهاتوو ئێمە پێداگرین کە پۆستی پارێزگار لە پێکهاتەی تورکمان بێت."
 
کورد وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار بە خاڵی وەرچەرخان و هەڵسانەوە دەزانێ دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 کە بەهۆیەوە دەسەڵاتی سەرەکی لە ناوچەکەدا لەدەستداوە.
 
یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک چەندێک پرسێکی سیاسییە و سیاسییەکان پێوەی پەیوەستن، ئەوەندە بەلای خەڵک و جووتیارانیشەوە گرنگە کە دەیانەوێت یەکلاییکردنەوەی پۆستەکە کۆتایی بە کێشەکانی ئەوان بهێنێت و چی دیکە گوشاریان لەسەر دروست نەبێت تاوەکو زەوییەکانیان جێبهێڵن. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى و هادی عامری.

نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری: ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق تێپەڕن

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، کۆبووەوە.