زانیاری نوێ لەبارەی داڕمانی کانە زێڕەکەی ئەرزنجان: 9 کرێکار بێسەروشوێنن

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە رووداوی داڕمانی کانە زێڕەکەی پارێزگای ئەرزنجان لە باکووری کوردستان، 9 کرێکار بێسەروشوێنن و تیمەکان لە شوێنی رووداوەکەن.
 
دوای ئەوەی کاژێر 2:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە داڕمانەکە روویدا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و گوتی، "لەو شوێنەدا گۆڕەپانێکی فراوان هەیە و ئەو خۆڵەی تێدا دەڕێژرێت کە لە کانەکە دەردەهێندرێت. دیارە کانەکە بەرگەی ئەو هەموو خۆڵەی نەگرتووە و داڕماوە. بەداخەوە 9 کرێکار بێسەروشوێنن".
 
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەهاناوەچوونی ئەو هاووڵاتیانە، عەلی یەریکایا گوتی، "هەر لەگەڵ بیستنی هەواڵەکە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاری ئەرزنجان و سەرۆکایەتیی ئافاد، کەوتینە جووڵە. تیمەکانی ئافاد، جەندرمە، سەرباز و زۆر کارمەندی دیکە نێردراونەتە شوێنەکە و ئێستا زیاتر لە 400 کەس لەوێ کاردەکەن".

 

 
وەزیری نێوخۆی تورکیا لەبارەی بوونی پێشێلکاری یان مەرجەکانی کارکردن لەو کانە زێڕەدا گوتی، تیمی تایبەتیان بۆ لیکۆڵینەوە ناردووە و لەسەر بنەمای ئەنجامی لێکۆڵینەوە، هەنگاوی پێویست دەنێن.
 
هەمزە ئایدۆغدو، پارێزگاری ئەرزنجانیش گوتی، "هاوڕێیانمان نێردراونەتە شوێنەکە و هێشتا زووە بۆ بڵاوکردنەوەی وردەکاری. پێویستە چاوەڕێ بکەین. تیمەکانمان لە ماوەی 25 خولەک گەیشتنە شوێنی رووداوەکە".