لە ئەرزنجان کانێکی زێڕ داڕما و چەندین کەس گیریان خواردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
داڕمان لە کانێکی زێڕ لە پارێزگای ئەرزنجانی باکووری کوردستان روویدا و بەگوێرەی زانیاریی سەرەتایی، ژمارەیەک کرێکار کەوتوونەتە ژێرییەوە.
 
داڕمانەکە کاژێر 2:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە کانێکی زێڕ بە ناوی ئاناگۆڵد لە شارۆچکەی ئیلیچی سەر بە پارێزگای ئەرزنجان روویدا. 
 
هەمزە ئایدۆغدو، پارێزگاری ئەرزنجان گوتی، "هاوڕێیانمان نێردراونەتە شوێنەکە و هێشتا زووە بۆ بڵاوکردنەوەی وردەکاری. پێویستە چاوەڕێ بکەین. تیمەکانمان لە ماوەی 25 خولەک گەیشتنە شوێنی رووداوەکە".
 
هەمزە ئایدۆغدو گوتی، "لە کاتی دەرهێنانی خۆڵ لە کانەکە، داڕمانەکە روویداوە. خەڵک لە ژێر کانە داتەپیوەکە ماونەتەوە، بەڵام جارێ ژمارەیان دیار نییە. دەگوترێت 10-12 کەس بێسەروشوێنن. هاوڕێیانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە".