ئانۆ جەوهەر: نابێ کورسی کۆتاکان کەم بکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان و کەسایەتی کریستیان دەڵێت، "دەبێت مافی کۆتا وەکو خۆی بمێنێت و کورسییەکانیان کەم نەکرێنەوە".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی حامورابی کە کەسایەتییەکی کریستیانە و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئەمڕۆ لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا پێشوازی لە نەتەوەی جیاواز و پێکهاتەکان کرد".
 
کۆبوونەوەکان سەبارەت بە ئەو پێشهاتانە بوون لەبارەی کورسی کۆتاکانن. جارێکی دیکە نوێنەرەکانی تورکمان، کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەنیش جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت کورسییەکان وەکو خۆیان بمێنن. بەو مافەوە ئەزموونی دیموکراسی لە کوردستان هەڵدەسەنگێندرێت".
 
 ئانۆ جەوهەر گوتی، "یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، مافی پێکهاتەکانە؛ مافی ئەو نەتەوانەیە کە ژمارەیان کەمە و کەمە نەتەوەن، بەڵام لە نێو زۆرینە دەژین و مافەکانیان دەپارێزرێت. دەبێت مافی کۆتا وەکو خۆی بمێنێت، کورسییەکانی کەم نەکرێنەوە بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بە باشترین شێوە بتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن". 
 
ئانۆ جەوهەر رایگەیاند، "هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بدرێت لەسەر یاسایەک کە گشت پارتەکان و نوێنەرەکانی گەلی کوردستان لەسەری رێکبکەون و تەنیا پێکهاتەکان دەنگ بە خۆیان بدەن. دەبێت بەزووترین کات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و ناکرێت دەست بۆ مافی پێکهاتەکان ببردرێت، بەتایبەت لە لایەن حیزبێکی دیاریکراوەوە".
 
پێش ئەم گوتانە، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێمە لەگەڵ نوێنەران و لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەی تورکمان، کلدان، سریان و ئاشووری دەبێت. یەکەم کۆبوونەوەمان لەگەڵ تورکمان بوو. لەگەڵ کلدان، سریان، ئاشوورییش کۆدەبینەوە. کۆبوونەوەکە تایبەتە بە سکاڵاکەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کە دەبووایە بڕیاری لەسەر بدرێت و تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە".
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان گوتی، گومانیان لە دواخستنی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە و گوتی، "گومان دەکەین ئەو دواخستنانە، بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بن".
 
ئەم گوتانە لەکاتێکدان، رۆژی 11 ئەم مانگە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ جاری دەیەم لەبارەی ئەو سکاڵایە کۆبووەوە کە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە و بەشێکی پەیوەندی بە کورسیی کۆتاکانەوە هەیە، بەڵام دادگەکە سکاڵاکەی بۆ 18ی شوبات دواخست.
 
سکاڵاکارەکان بریتین لە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە تانەیان لە پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، بازنەی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان. 
 
یەکلایینەبوونەوەى ئەو سکاڵایە کێشەی بۆ رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دروستکردووە کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکات.