لە عەفرین عەرەبێکی هاوردە بەساڵاچوویەکی کورد دەکوژێت و دارەکانی لە رەگەوە دەردەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، عەرەبێکی هاوردە بەساڵاچوویەکی کورد کە تەمەنی نزیکەی 80 ساڵە، دەکوژێت و بە شۆفڵ دار بادەمەکانی لە رەگەوە دەردەهێنێت.
 
مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی عەفرینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، رۆژی شەممە، 10ی شوباتی 2024، عەرەبێکی هاوردە کە خەڵکی ناوچەی تل رفعەتە، لە گوندی ڤێرکانی هەرێمی عەفرین چووەتە نێو زەویی بەساڵاچوویەکی کورد بە ناوی محەممەد ئیبراهیم سۆران کە تەمەنی نزیکەی 80 ساڵە و بە شۆفڵ لێی دەدات و بەسەریدا دەروات، بە هۆیەوە ئەو هاونیشتمانییە بە سەختی بریندار دەبێت.
 
ئەو عەرەبە هاوردەیە دواتر بە شۆفڵ پێنج داری بادەمی ئەو پێرەمێردە دەردەهێنێت و لە شوێنی رووداوەکە هەڵدێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو هاونیشتمانییە دواتر دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری ئەعزاز، بەڵام بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
تەرمی ئەو بەساڵاچووە کوردەی خەڵکی عەفرین، رۆژی یەکشەممە، 11ی شوباتی 2024 رادەستی بنەماڵە و خێزانی کراوەتەوە و لە زێدی خۆی بەخاکسپێردراوە.