رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی سەمسوور دەڵێت، زۆر پێویستیان بە خێوەتە و ژمارەیەکی زۆر خێزان کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ماڵەکانیان داڕماوە لە کەشێکی سارددا لە دەرەوە ماونەتەوە.
سولەیمان کلینج، سەرۆکی شارەوانیی سەمسوور لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە راستەوخۆ لەنێو خێوەتی ئەو خێزانانەوە پێشکێشکرا کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شوبات ماڵەکانیان داڕما، گوتی: دەیان کەس لە بنەماڵەکەم گیانیان لەدەستداوە و باڵەخانەی شارەوانی شارەکەش داڕماوە.
بە گوتەی کلینج، ئەم بوومەلەرزەیەی کە 10 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا و بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان و سووریای هەژان بوومەلەرزەیەکی "مێژوویی" بووە لە ناوچەکە و "زیانەکانی زۆر زۆرن" بەراورد بە بوومەلەرزەکانی ساڵانی رابردوو.
رۆژی شەممە 11-02-2023، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی، نزیکەی 26 ملیۆن کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها داوای 42.8 ملیۆن دۆلاری کرد بۆ ئەوەی پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە لە ناوچەکەدا دابینبکرێن.
سولەیمان کلینج، سەرۆکی شارەوانیی سەمسوور ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە هەزار باڵەخانەی شارەکەیان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە داڕماون و پێش ئەو رووداوە ژمارەی دانیشتووان لە سەمسوور 270 هەزار کەس بوون، بەڵام هێشتا ئامارێکی دروست نییە کە چەند کەس لە شارەکە ماونەتەوە بەوپێیەی رۆژانە بەردەوام تەرم دەدۆزرێنەوە.
وەک سولەیمان کلینج دەڵێت، بەشی زۆری هاونیشتمانییانی سەمسوور، بەهۆی داڕمانی ماڵەکانیانەوە شارەکەیان بەجێهێشتووە و چوونەتە ماڵی خزمەکانیان لە ناوچەکانی دیکە.
رۆژی هەینی 10-02-2023، عادل کارائیسماعیلئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا لەگەڵ محەممەد مووش، وەزیری بازرگانی لە زانکۆی سەمسوور کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد و گوتی: بەهۆی بوومەلەرزەوە لە سەرتاسەری پارێزگای سەمسوور 3105 هاووڵاتیمان لەدەستدا کە 2195 کەسیان لە ناوەندی شارن، هەروەها 9716 بریندارمان هەیە کە 7385یان لە ناوەندی شارن.
بە گوتەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی تورکیا، لە پارێزگای سەمسوور 1939 باڵەخانە رووخاون و 923 لەو باڵەخانانە لە ناوەندی شارەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ